کۆمیسیۆن: جیاکردنەوەی دەنگەکان دەستپێدەکات
دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان کۆتاییهات و کۆمیسیۆنیش ئاماژە بەوە دەکات، هەر لایەنێکی سیاسی سکاڵای هەبێت تۆماری دەکەین.
سامان ئەحمەد، لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2025، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە دوایین نوێکاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە کاتژمێر شەشی ئێوارە دەم و دەست ئامێرەکان لە کار وەستان و ژمارەی ئەو کەسانەی لەو بنکەیە دەنگیان داوە و ژمارەی ئافرەت و پیاو، هەمووی بڵاودەکرێنەوە، دواتر هەر لە ڕێگەی ئەو ئامێرانەوە هەموو ئەو زانیارییانەی لەناو سندووقەکان هەن بۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەنێردرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، دوای ڕاکێشانی ئەنجامەکان، بە دەست ئەنجامەکان بەراورد دەکەن لەگەڵ ئەوانەی نێو سندووقەکان، لە کاتی بەراوردکردنەکە نوێنەری لایەنە سیاسییەکانیش وەک چاودێر لەگەڵمان دەبن.
باسی لەوەش کرد، لە کاتی هەبوونی هەر گرفتێک ڕاستەوخۆ دەنێردرێن بۆ نوسینگەی سەرەکی لە هەولێر و دواتر بۆ بەغدا و هەر لایەنێکی سیاسی سکاڵای هەبێت تۆماری دەکەین.
لە دەنگدانی تایبەت زیاتر لە یەک ملیۆن و 313 هەزار کەس ئەندامانی هێزی ئەمنیی و فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوخۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان مافی بەشداریکردنیان هەبوو، ئەوە جگە لە بەشداریکردنی زیاتر لە 26 هەزار ئاوارە، کە زۆرینەیان لە سنووری پارێزگای دهۆک بوون.
لە سەرانسەری عێراق 809 بنکە دیاریکراو بوو بۆ دەنگدانی تایبەت، دوو سبەیش 11ـی تشرینی دووەمی 2025 دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت.
