ئەنجوومەنی پیران گەیشتە ڕێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە پەکخستنی حکوومەت

میدیاکانی ئەمەریکا بڵاویان کردەوە، ڕۆژی یەکشەممە، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا گەیشتە ڕێککەوتنێک لەنێوان پارتی کۆماریی و دیموکراتەکان، کە دەست بە دابینکردنی بودجەی فیدراڵی بکرێتەوە و کۆتایی بە پەکخستنی حکوومەت بهێنرێت کە ماوەی 40 ڕۆژە حکوومەت پەکخراوە.

میدیاکانی وەک 'سی ئێن ئێن و فۆکس نیوز' بڵاویانکردەوە، ئەندامانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی کاتی بۆ دابینکردنی بودجە بۆ حکوومەت کە تاوەکو مانگی یەک بەردەوام بێت، ئەمەش دوای ناکۆکی لەسەر بودجەی چاودێری تەندروستی و هاوکاری خۆراک و بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ دەرکردنی کارمەندانی فیدراڵی.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "نزیک بووینەوە لە کۆتاییهێنان بە پەکخستنی حکوومەت".

دوای تێپەڕاندنی پرۆژە یاساکە لە ئەنجوومەنی پیران، پێویستە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەران پەسەند بکرێت، کە لەژێر کۆنترۆڵی کۆمارییەکاندایە، دواتر دەنێردرێتە سەر مێزی ترەمپ بۆ ئەوەی واژۆی لەسەر بکات.

بەپێی گوتەی یاسادانەران، پڕۆژە یاساکە پارەی بەرنامەی هاوکاری خۆراکی SNAP دەگەڕێنێتەوە، کە پشتگیری زیاتر لە 42 ملیۆن ئەمەریکی کەم داهات دەکات.

هەروەها ڕێکەوتنەکە بڕیارەکانی ترەمپ لە مانگی ڕابردوودا پێچەوانە دەکاتەوە بۆ دەرکردنی هەزاران کارمەندی فیدراڵی و گەرەنتی درێژکردنەوەی یارمەتییەکانی چاودێری تەندروستی دەکات کە بڕیار بوو لە کۆتایی ئەمساڵدا نەمێنێت.

تیم کەین سیناتۆری دیموکراتەکان گوتی: "ئەم ڕێککەوتنە گەرەنتی دەنگدان دەکات بۆ درێژکردنەوەی لیخۆشبوونی باجی یاسای چاودێری، کە ئەمەش شتێک بوو کۆمارییەکان ئامادە نەبوون بیکەن."

ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆژە یاساکە کە ناوی 'بڕیارنامەی بەردەوام CR'ـە  بۆ پاراستنی بودجەی حکوومەت، "پارێزگاریی لە فەرمانبەرانی فیدراڵی دەکات لە دەرکردنیان کە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە، هەروەها ئەو کەسانەش دەگەڕێنێتەوە کە بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە لە کاتی پەکخستنی حکوومەت لەکارەکانیان دەرکراون، دڵنیاییش دەدات لە وەرگرتنی مووچەی دواخراوەکانیان.

 
Fly Erbil Advertisment