زێڕشۆرانی تکاب، پێشەنگی بەرهەمهێنانی زێڕ لە ئێراندا

بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمپانیای گەشەپێدانی کانزاکانی کانەزێڕی زێڕشۆران، ڕایگەیاند، ئەم کۆمپانیایە وەک گەورەترین یەکەی بەرهەمهێنانی زێڕ لە ئێراندا، لە مانگی ئەیلوولی ڕابردوودا بە بەرهەمهێنانی 110 کیلۆ زێڕ، ژمارەی پێوانەیی لەم بوارەدا شکاندووە.

دووشەممە، 10ـی تشرینی دووەم 2025، جەعفەر سادق ئەسکەندەری، بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمپانیای گەشەپێدانی کانزاکان، بە ئاژانسی هەواڵی 'ئیرنا'ـی ڕاگەیاند "لە مانگی ئادار تا سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، تێکڕای بەرهەمی زێڕ لە کۆمپانیای زێڕشۆران گەیشتووەتە 692 کیلۆگرام."

ئەسکەندەری، گوتیشی: ساڵی ڕابردوو لە هەمان کانەزێڕدا 528 کیلۆ زێڕ بەرهەم هێنرا، بەم جۆرە ڕێژەی بەرهەمهێنان لەو کانەدا %31 زیادی کردووە. ئەمەش لە ئەنجامی هەوڵ و تەقەللای کرێکاران، پێشکەوتنی شارەزایی هونەری، وردبینی لە جێبەجێکردنی بەرنامەکان و چاودێری و چاککردنەوەی ئامێرەکاندا، بووە.

ئەو، هەروا گوتی: ئەم دەستکەوتە، پێگەی کۆمپانیای زێڕی زێڕشۆران، وەک یەکێک لە دامەزراوە کانزایی و پیشەسازییە پێشەنگەکانی وڵات جێگیر دەکات و مژدەبەخشی بەردەوامیی ڕەوتی گەشەپێدانە لە کەرتی زێڕدا.

ساڵی ڕابردوو، کۆمپانیای پەرەپێدانی کانەکان و پیشەسازییە کانزاییەکانی زێڕی زێڕشۆرانی تیکاب، بە بەرهەمهێنانی هەزار و 43 کیلۆگرام زێڕ، توانی بەرزترین ژمارەی پێوانەیی بەرهەمهێنان لە مێژووی کارکردنی خۆیدا تۆمار بکات. 

کانەزێڕی زێڕشۆران، وەک گەورەترین کانی زێڕی ئێران، سەر بە شارۆچکەی تکابی ناوچەی 'هەوشار'ی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە؛ لە نزیک گوندێک بە هەمان ناو هەڵکەوتووە و بە ئامانجی بەرهەمهێنانی ساڵانەی یەک تۆن و نیو زێڕ، دیزاین کراوە.  

ئەم کانەزێڕە، لە تشرینی دووەمی 2014 کرایەوە و لە ڕووی توانای بەرهەمهێنانەوە، نازناوی گەورەترین یەکەی بەرهەمهێنانی زێڕی لە ئێراندا هەیە. یەدەگی بەردەزێڕی ئەم کانە بە زیاتر لە 50 ملیۆن تۆن مەزەندە کراوە.

شارۆچکەی تکاب دوو کانی گەورەی زێڕی لێیە بە ناوەکانی ئاغدەرە و زێڕشۆران، هەروەها چوار یەکەی بەرهەمهێنانی زێڕیش لە تەنیشت ئەم کانانەوە کار دەکەن، کە ڕۆڵێکی گرنگ لە گەشەپێدانی پیشەسازی و ئابووریی ئێراندا دەگێڕن.

 
 
Fly Erbil Advertisment