جومانە غەلای: هەڵبژاردن لەکاتی خۆی بەڕێوەدەچێت و یەک خولەکیش درێژناکرێتەوە

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند، زیاتر لە 20 ملیۆن دەنگدەر بەشداری لە پرۆسەی دەنگدانی گشتیی دەکەن، گوتیشی، ڕێژەی بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنی دەنگدانی تایبەت لە 82% بووە.

ڕۆژی دووشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ڕێژەی بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنی دەنگدانی تایبەت لە 82% بووە، ئەوەش ئاماژەیە بە سەرکەوتنی پرۆسەکە و دواتر ئەنجامەکان نێردراون بۆ سێرڤەرە ناوەندییەکان.

جومانە غەلای ئاماژەی بەوەشدا، ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی مافی دەنگدانیان هەیە زیاتر لە 20 ملیۆن کەسن، لێژنەی باڵای هەڵبژاردنەکان تەواوی بنکە و وێستگەکانی لەڕووی ئاسایشەوە دەپارێزێت و هەروەها کامێرای چاودێریمان لە تەواوی وێستگەکان داناوە و هەموو ئامێرەکانی هەڵبژاردنیش لەڕووی لۆجیستییەوە ئامادەن و بەیانی کاتژمێر 7:00ـی بەیانی تاوەکوو 6:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

لەبارەی دواخستنی کاتی دەنگدان بۆ کاتژمێرێک یان چەند کاتژمێرێک جومانە غەلای ڕایگەیاند، کاتژمێر 6:00 دەنگدان کۆتایی دێت و تەنانەت بۆ یەک خولەکیش درێژناکرێتەوە.

گوتەبێژی کۆمیسیۆن باسی لەوەشکرد، زیاتر لە هەزار چاودێری نێودەوڵەتی و چەندان رێکخراوی ناوخۆیی چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردن دەکەن، ئەمە جگە لەوەی پارتەکانیش هەریەکە و نوێنەری خۆیان لە بنکەکان هەیە و وەکو چاودێریش کار دەکەن.

لەبارەی هەستیاری دۆخی هەڵبژاردنی ئەمجارە و ڕێگەنەدان بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن بە دانانی وێستگە و بنکەی دەنگدان لە شاری سەدری بەغدا جومانە غەلای گوتی، ئێمە دەتوانین بڵێین لە دەنگدانی گشتی وێستگە و بنکەمان لە سەرانسەری عێراق و لە هەموو شارەکاندا هەیە.

سەبارەت بە گرنگترین ئەو ڕێنماییانەی کە دەنگدەران پێویستە پەیڕەوی بکەن بۆ ڕۆژی دەنگدان جومانە غەلای گوتی، نابێت بێدەنگی بانگەشە بشکێندرێت و بە پێچەوانەوە هەرکەسێک سەرپێچی بکات خۆی دووچاری سزای دارایی دەبێتەوە.

دەشڵێت: کۆمیسیۆن دوای 24 کاتژمێر لە دەنگدانی گشتی ئەنجامی بەرایی هەردوو دەنگدانی گشتی و تایبەتی بڵاو دەکاتەوە.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment