ئەمەریکا بڕی دوو هەزار دۆلار دەبەخشێتە هاووڵاتییانی
سەرۆکی ئەمەریکا ئاشکرای کرد، حکومەتی وڵاتەکەی"پارەی کاش" دەدات بە زۆربەی هاووڵاتییانی ئەمەریکا، کە بڕەکەی بە لایەنی کەمەوە دوو هەزار دۆلار دەبێت.
دووشەممە 10ـی تشرینی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیویەتی: لە سایەی سیاسەتەکانی گومرگی ئێستا ئەمەریکا وڵاتێکی دەوڵەمەندە، بۆیە بڕێک پارەی کاش دەردێت بە هەموو ئەمەریکییەکان،جگە لەو کەسانەی خاوەن داهاتی بەرزن، بەڵام ئاماژەی بە سنووری داهاتی ئەو کەسانە نەکردووە کە بڕیارەکە دەیانگرێتەوە.
باسی لەوەش کردووە، ئەو کەسانەی کە دژی باجە گومرگییەکانی ئەمەریکان کەسانی ناپێگەشیتوون، ئێمە ئێستا دەوڵەمەندترین و ڕێزدارترین وڵاتین لە جیهاندا، نزیکەی هیچ هەڵئاوسانێکمان نییە، هەروەها ڕیکۆردێکی پێوانەیی بۆرسەمان هەیە کە بەرزترین ئاستە لە هەموو جیهان.
ئەم لێدوانەی ترەمپ دوای ئەوە دێت، دیموکراتەکانی ئەمەریکا لە چەندین هەڵبژاردنی ناوخۆیی و ویلایەتەکاندا سەرکەوتنیان لە سەرانسەری وڵاتدا بەدەستهێناوە، بەتایبەتی بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگاری ویلایەتی نیوجرسی و ڤێرجینیا، لەگەڵ بردنەوەی کورسییەکانی کۆمارییەکان لە لیژنەی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی جۆرجیا، دوای هەڵبژاردنەکان، ڕەخنەیەکی زۆر لە ترەمپ گیرا، دەگوترێت ترەمپ وەک پێویست گرنگی بە ژیانی خەڵک نادات، لەکاتێکدا لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیدا بەڵێنی دابوو تێچووی ژیانی خەڵک کەم بکاتەوە.
