کۆبوونەوەی ترەمپ و شەرع دوور لە چاوی میدیاکان بەڕێوەچوو

سەرۆکی سووریا وەک یەکەم سەرۆک لە مێژووی ئەو وڵاتە سەردانی کۆشکی سپی کرد، بەڵام کۆبوونەوەکە بە شێوەیەکی داخراو بەڕێوەچوو، هاوکات میدیاکان باس لەوە دەکەن، لە کۆشکی سپی بە پێچەوانە پرۆتۆکۆلی ئەو وڵاتە پێشوازی لێ کراوە.

دووشەممە 10ـی تشرینی دووەمی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، کۆبوونەوەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی دوور لە چاوی میدیاکان بەڕێوەچوو.

ئاماژەشی بەوەش کردووە، کۆبوونەوەکە بە پێچەوانەی پرۆتۆکۆلی کۆشکی سپی و بەبێ ئەو پێشوازییە فەرمی و گەرمەی کە زۆر جار بۆ سەرکردە بیانییەکان دەکرێت بەڕێوەچووە، باسی لەوەش کردووە، شەرع لەو دەرگایەوە نەچوویتە ژوورەوە کە ڕۆژنامەنووسەکانی لێ بووە.

پێشتر پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس لە زاری تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا لە سووریا بڵاوی کردبووەوە، دوای سەردانەکەی شەرع بۆ واشنتن، پێشبینی دەکرێت گەڕی پێنجەمی دانوستانەکانی نێوان سووریا و ئیسرائیل بە نێوەندگیری ئەمەریکا بەڕێوە بچێت، کە ئامانج لێی گەیشتنە بە ڕێککەوتنی ئەمنی بەر لە کۆتایی ئەم ساڵ.

ئەو پێگەیە ئەمەریکییە ئاماژەشی دابوو، ئەحمەد شەرع، دەبێتە یەکەم سەرۆکی سووریا کە سەردانی کۆشکی سپی بکات.

هەروەها تۆم باراک لە پەراوێزی کۆڕبەندی دیالۆگی مەنامە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندبوو، ئەحمەد شەرع، بە مەبەستی بەشداریکردنی سووریا لە هاوپەیمانی جیهانی دژی داعش سەردانی واشنتن دەکات.

هاوکات وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یاسای قەیسەر کە لە 23ـی ئایار درابوو، بۆ ماوەی 180 ڕۆژی دیکە درێژ دەکاتەوە.

هەڵپەساردنەکە هەموو سزاکان دەگرێتەوە، جگە لە هەندێک مامەڵەی دیاریکراو کە پەیوەندییان بە ڕووسیا و ئێرانەوە هەیە. ئەم هەنگاوە بە مەبەستی پاراستنی دیالۆگی دیپلۆماسی لەگەڵ حکوومەتی سووریا دێت.

لە مانگی ئایاردا، وەزارەتی گەنجینە مۆڵەتێکی گشتیی دەرکرد کە ڕێگە بە مامەڵەکردن وڵاتان و بانکی ناوەندی و دامەزراوە دەوڵەتییەکان لەگەڵ حکوومەتی سووریا دەدات.

'یاسای قەیسەر' یاسایەکی ئەمەریکایە کە سزای بەسەر حکوومەتی سووریا و بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری ڕژێمی پێشووی سووریادا سەپاندبوو، بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و تاوانەکانی جەنگ، هەروەها ئامانجی یاساکە سزادانی هەر کەسێک و لایەنێکە کە مامەڵە لەگەڵ حکوومەتی سووریا بکات، سزاکەش زیاتر کەرتەکانی وزە و بیناسازی دەگرێتەوە کە لە مانگی کانوونی یەکەمی 2019 واژۆ کراوە و لە مانگی حوزەیرانی 2020 چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

پێشتر ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری شەش سەرچاوەی ئاگادار بڵاوی کردبووە، ئەمەریکا ئامادەکاری بۆ دامەزراندنی بنکەیەکی سەربازی لە فڕۆکەخانەیەکی دیمەشق دەدات، باسی لەوەش کردبوو، ئەم بنکەیە بۆ جێبەجێکردنی پەیمانێکی ئەمنی کە واشنتن نێوەندگیری بۆ دەکات لە نێوان سووریا و ئیسرائیلدا یارمەتیدەر دەبێت

بەگوێرەی ئەو ئاژانسە، بنکە پێشنیازکراوەکە دەکەوێتە دەروازەی باشووری سووریا، نزیک ئەو ناوچەیەی کە چاوەڕوان دەکرێت ببێتە بەشێک لە ناوچەیەکی داماڵراو لە چەک لە نێوان سووریا و ئیسرائیل، بۆ هێرشنەکردنە سەر یەکتر، کە لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە نێوەندگیری دەکرێت.

هاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە ڕێگەی ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا (سانا) هەواڵەکەی ڕۆیتەرزی ڕەت کردبووە.

بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەمەریکا.

ڕۆژی هەینی، 7ـی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، واشنتن بە فەرمی ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریای لە لیستی تیرۆر دەرهێنا، ئەمەش چەند ڕۆژێک پێش سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی ئەحمەد شەرع بۆ ئەمەریکا.

هاوکات ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئەحمەد شەرع و ئەنەس خەتابی دا، کە زیاتر لە 10 ساڵە سزایان بەسەردا سەپێنراوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت ئەمەریکا ڕەشنووسی بڕیارنامەکەی پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment