ناتانیاهۆ: جەنگ کۆتایی نەهاتووە و نزیک دەبینەوە لە وڵاتانی ناوچەکە
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ دووشەممە 10ـی تشرینی دووەمی 2025 ڕایگەیاند: جەنگ هێشتا کۆتایی نەهاتووە، ئاماژەی بەوەشدا کە ئێران بەردەوامە لە پەرەپێدانی چەک و پڕچەککردنی خۆی.
ناتانیاهۆ جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە کەرتی غەززە لە چەک داماڵدرێت ئەگەر بە شێوەیەکی ئاسان یاخوود سەخت، پێداگریی کرد لەسەر ئەوەی، ئەم ئامانجە لە هەموو حاڵەتێکدا بەدی دەهێنرێت.
لە لایەکی دیکەوە، ناتانیاهۆ هێرشی توند کردە سەر ئیفعات تومەر یەرۆشەلمی، داواکاری گشتیی سەربازیی ئیسرائیل کرد کە دوورخراوەتەوە لە ئەرکەکەی و گوتی: ئەو کەسانە لە دۆسیەی سەدییە تیمان تێوەگلاون، گوتیشی: پرسیاری جددی هەیە سەبارەت بە نەدرکاندنی ڕاستییەکان و ساختەکاری و شاردنەوەی ڕاستییەکان، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانەی ئەرکی ئاشکراکردنی ڕاستییان پێ سپێردرابوو، دەسەڵاتی خۆیان بەکارهێنا بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باسی لیژنەی لێکۆڵینەوەکانی ڕووداوی 7ـی تشرینی یەکەمی کرد و ڕایگەیاند: زۆرێک لەگەڵ ئەو لێژنەیەی لێکۆڵینەوەدا نین و قەبوڵی ناکەن کە دەستنیشان کراون، بۆیە داوای کرد لیژنەیەک پێکبهێنرێت بە پشتگیری دەنگی زۆرینەی گەل.
ناتانیاهۆ قسەکانی بەوە کۆتایی هێنا کە ئیسرائیل زیاتر لە هەر کاتێکی تر نزیک دەبێتەوە لە وڵاتانی ناوچەکە، گوتیشی: بەڵێنی ئەوە دەدەم، بەم زووانە هەواڵی ئەمە دەبیستن.
