کۆمیسیۆن: لە ماوەی 24 کاتژمێردا ئەنجامە بەرایییەکان بڵاودەکەینەوە

ئەندامێکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، هەماهەنگی زۆرباش لەگەڵ هەرێمی کوردستان کراوە بۆ بەڕێوەچوونی دەنگدانی گشتیی.

ئەمڕۆ دووشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2025، حەسەن قەبەس، ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە شڤان جەباری پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕاگەیاند: لەسەر تاسەری عێراق نزیکەی 20 ملیۆن کەس مافی دەنگدانی گشتیی هەیە، لە ‌هەڵبژاردنی تایبەتدا ئامێرەکان زۆر بە باشی کاریان کرد و هیچ کێشەیەکی بۆ دەنگدەران دروست نەکرد، بۆ سبەی هەموو ئامادەکارییەک کراوە.

حەسەن قەبەس گوتی: هەماهەنگیی زۆرباش لەگەڵ هەرێمی کوردستان کراوە، بۆ بەڕێوەچوونی دەنگدانی گشتیی.

دەربارەی ڕاگەیەنراوەکەی موقتەدا سەرد، حەسەن قەبەس ئاماژەی بەوە دا، کۆمیسیۆن لایەنێکی جێبەجێکارییە پەیوەندی زۆرباشی لەگەڵ سەرجەم لایەن و هاوپەیمانییەکان هەیە، دەنگدانیش مافی هەموو کەسێکە، هەموو ڕێککارە  هونەرییەکان دابینکراون، بۆ ئەوەی زۆرترین کەس بەشداری دەنگدان بکات.

هەروەها باسی لەوە کرد، بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردن، پێویستە کۆمیسیۆن لە ماوەی 24 کاتژمێردا ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی گشتیی بڵاوبکاتەوە. 

سبەی سێشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

لە هەرێمی کوردستان، دوو ملیۆن و 800 هەزار کەس مافی دەنگدانی هەیە و دابەشبوونە بەسەر هەزار و 312 بنکەی دەنگدان لە هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها  پێنج هەزار 599 وێستگەی دەنگدانیش هەیە.

 
Fly Erbil Advertisment