ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان: ئەو کارمەندەی دەستدرێژی کردبووە سەر هاوڵاتییەکی خورماتوو، دەستگیرکرا

فەریق ڕوکنی یەکەم، قەیس محەمەداوی، ئەمڕۆ چوارشەممە 12ـی تشرینی دووەمی 2025، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغدا ڕایگەیاند، "ئەوەی لە خورماتوو ڕوویدا شەڕ بووە لە نێوان دوو کۆمەڵەدا و بە دەست دەستی پێکردووە."

محەمەداوی ئاماژەی بەوەدا، کاردانەوەی هێزە ئەمنییەکان زۆر خێرا بووە، بەڵام بەهۆیەوە دوو کەس کوژران. جەختیشی کردەوە و گوتی: "هەموو ئەوانەی چەکیان بەکارهێناوە دەستگیرکراون و دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە کە تەقەیان کردووە و دوو کەسەکەیان کوشتووە."

هەروەها ڕوونیکردەوە: "وەزارەتی ناوخۆ لای خۆیەوە لێکۆڵینەوەیەکی خێرا و وردی لەو بابەتە کردووە و گەیشتووینەتە ئەنجام. ئەوانەی دەستگیرکراون ڕەوانەی دادگا کراون."

سەبارەت بەو کارمەندەی هێزە ئەمنییەکان کە دەستدرێژی کردبووە سەر هاوڵاتییەکی خورماتوو، محەمەداوی پشتڕاستی کردەوە "ئەویش دەستگیر کراوە."

لە کۆتاییدا، محەمەداوی گوتی: "لە هەر پێشێلکارییەکی یاساییدا، دەبێت عێراق بخەینە پێشینەی هەمووانەوە. ئێمە لە هەموو بارودۆخێکدا بەپێی یاسا مامەڵەمان کردووە."

ڕۆژی سێشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2025، لە دەنگدانی گشتیی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە نزیک قوتابخانەی ئیبن خەلدوون لە شارۆچکەی خورماتوو، گەنجێکی کورد بەھۆی ھەڵگرتنی ئاڵای کوردستان، بەشێوەیەکی دڕندانە لەلایەن سەربازێکی سوپای عێراق پەلامار دراوە و بە قۆنداخی کلاشینکۆفەکەی لێیدەدات.

جیا لەم گەنجە کورد، چەند ئافرەتێکی کوردیش هەر لە خورماتوو بەهۆی هەڵکردنی ئاڵای کوردستانەوە لەلایەن سەربازانی سوپای عێراق و گرووپە میلیشیاکانەوە سووکایەتیان پێکراوە.

شارۆچکەی خورماتوو دەکەوێتە سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و دانیشتوانەکەی لە هەر سێ نەتەوەی کورد، تورکمان و عەرەب پێکهاتووە، هەرچەندە تاوەکوو دەیەی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو شارۆچکەکە سەر بە پارێزگای کەرکووک بوو، ئەوکاتە زۆرینەی دانیشتوانەکەشی کورد بوون، بەڵام دوای 1976 لە ڕووی ئیدارییەوە خرایە سەر پارێزگای سەڵاحەددین و بە تایبەتیش دوای ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، پاش هێرشی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، تاوەکوو ئێستاش هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی خورماتوو سووکایەتی و ستەمیان لێدەکرێت.

 
Fly Erbil Advertisment