جەعفەر ئێمنکی: ژمارەی کورسییەکانی پارتی دەگەنە 30 کورسی

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، دەڵێت: دەنگەکانی پارتی بەراورد بە هەڵبژاردنی 2021 لە سەرجەم کوردستاندا زیادیان کردووە. 

چوارشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2025، جەعفەر ئێمنکی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانەی بەشداری لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، گوتی: "بۆ دڵنیایی لە ژمارەی تەواوی دەنگەکانی گشت لایەنەکان، دەبێت چاوەڕوانی ئەنجامی کۆتایی بین، چونکە ئەنجامی بەرایی، سەرجەم دەنگەکان دەرناخات."

ئێمنکی، گوتیشی: لە هەولێر دەنگەکانی حەوت وێستگە و لە نەینەوا شەش وێستگە نەگەیشتوونەتە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، بێگومان ئەو دەنگانە کاریگەرییان لەسەر کۆی گشتیی دەنگەکان دەبێت.

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئێمە ڕێکاری یاسایی دەربارەی نەگەیشتنی دەنگەکانی ئەو وێستگانە و تێبینییەکانی دیکەمان دەگرینە بەر؛ هەرچەند بە شێوەیەکی گشتی، ئێمە لە ئەنجامە بەراییە ڕاگەیەنراوەکان، ڕازین. 

ئێمنکی، جەختی کردوە لەوەی "زیادبوونی دەنگەکانی پارتی لە نەینەوا دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوێستە باش  خزمەتگوزارییەکانی پارتی لەو پارێزگایە. خەڵکی نەینەواش بە وەفان، بە تایبەتیش پاش هێرشی تیرۆریستانی داعش، هەڵوێستی جوانی خەڵکی کوردستانیان بینی."

ئەو، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: بە گوێرەی لێکدانەوەکانی ئێمە، ژمارەی کورسییەکانی پارتی دەگەنە 30 کورسی.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment