شەڕی داهاتووی ئاو، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم قەیرانێکی چارەنووسسازدا
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناوچەیەکە هەر لە کۆنەوە بە کەمیی سەرچاوەکانی ئاو ناسراوە، ئێستا ڕووبەڕووی قەیرانێکی سەختی وشکەساڵی بووەتەوە. ئەم دیاردەیە تەنها کێشەیەکی کاتیی کەشوهەوا نییە، بەڵکو دەرئەنجامی تێکەڵەیەک لە هۆکاری سروشتی و مرۆییە کە هەڕەشەیەکی جیددی لەسەر سەقامگیریی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی ناوچەکە دروست کردووە.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی وشکەساڵی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕانی کەشوهەوایە. توێژینەوە زانستییەکان دەریان خستووە کە گەرمبوونی زەوی ئەگەری ڕوودانی وشکەساڵیی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە. بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی بەهەڵمبوون، کە ئەمەش بڕی ئاوی ژێرزەوی و ڕووبارەکان کەم دەکاتەوە.
هاوکات، کەمبوونەوەی ڕێژەی باران و تێکچوونی خولی سروشتیی ئاو، ئەم قەیرانەی قووڵتر کردووەتەوە. جگە لە گۆڕانی کەشوهەوا، بەڕێوەبردنی نەگونجاو و نازانستی سەرچاوەکانی ئاو هۆیەکی دیکەی سەرەکیی وشکەساڵییە. دروستکردنی بەنداوی گەورە لەسەر ڕووبارە نێودەوڵەتییەکانی وەک دیجلە و فورات لەلایەن تورکیاوە، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی ئاوی هاتوو بۆ وڵاتانی عێراق و سووریا.

ئەو وڵاتانەی بە سەرچاوەکانی ئاو دەوڵەمەندن، زۆرجار، ئاو وەک کارتێکی فشاری سیاسی بەکار دەهێنن و ئەوەش دەبێتە هۆی زیاد بوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە.
گرفت و کاریگەرییەکان
وشکەساڵی کۆمەڵێک گرفتی هەمەجۆری لێ کەوتووەتەوە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ژیانی ملیۆنان کەس هەیە. چونکە ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر کەرتی کشتوکاڵ و ئاسایشی خۆراک دەخاتە مەترسییەوە؛ کەرتی کشتوکاڵ یەکێکە لە گەورەترین زەرەرمەندەکانی وشکەساڵی.
کەمبوونەوەی ئاوی ئاودێری، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی دانەوێڵە بە ڕێژەی نزیکەی %70 لە هەندێک ناوچەدا، وەک هەرێمی کوردستان. ئەمەش نەک تەنیا زیانی ئابووری بە جووتیاران دەگەیەنێت، بەڵکو هەڕەشە لەسەر ئاسایشی خۆراکی سەرجەم ناوچەکە دروست دەکات.
وشکبوونی زۆربەی کانیاوەکان و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی، گرفتی دابینکردنی ئاوی پاک بۆ خواردنەوە و بەکارهێنانی ڕۆژانەی دانیشتووان، کردووەتە ئاڵنگارییەکی گەورە. حکوومەتەکان ناچاربوون پلانی بەپەلە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم کێشەیە دابنێن.
کاریگەرییە ژینگەیی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان
وشکەساڵی زیانی گەورەی بە ژینگە گەیاندووە، لەوانە وشکبوونی زۆنگاوەکان و لەناوچوونی ئەو زیندەوەرانەی تێیاندا دەژین؛ تۆز و خۆڵبارین و سووتانی دارستانەکان دەبنە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی ئۆکسجین و لەناوچوونی ئاژەڵە کێوییەکان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پیسبوونی ژینگە.
کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو و شکستی کەرتی کشتوکاڵ دەبنە هۆی زیادبوونی ڕێژەی بێکاری و کۆچی بەکۆمەڵ لە گوندەکانەوە بۆ شارەکان. ئەمەش فشارێکی زۆر لەسەر ژێرخانی شارەکان دروست دەکات و لەوانەیە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی نائارامیی کۆمەڵایەتی و سیاسی.
وشکەساڵی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاردەیەکی سروشتیی سادە نییە، بەڵکو قەیرانێکی فرەڕەهەندە کە چارەکردنی پێویستی بە هەماهەنگیی نێودەوڵەتی، داڕشتنی ستراتیجی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی ئاو ، بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیای پێشکەوتووی کشتوکاڵی و هەنگاوی جددی هەیە.
