خۆڵبارین ئەنبار و تەمومژ بەسرە دەگرێتە

شەپۆلێکی خۆڵبارین لە سنووری سووریاوە ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئەنباری گرتووەتەوە و پێشبینی دەکرێت خۆڵبارینەکە شاری ڕوومادی ناوەندی پارێزگای ئەنبار بگرێتەوە، هاوکات لە باشووریش تەمومژێکی چڕ پارێزگای بەسرەی گرتووەتەوە.

میدیاکانی عێراق و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دیمەنی چڕی شەپۆلە خۆڵبارینەکەیان بڵاو کردووەتەوە و دەردەکەوێت، ئاستی بینین کەم بووەتەوە، هۆشداریش دەدەن شۆفێر و ڕێبوارانی ڕێگا دەرەکییەکان بە هۆشیارییەکی زۆرەوە شۆفێری بکەن بۆ ئەوەی لە ڕووداوی هاتوچۆ و نەخوازراو بە دوور بن.

بە گوتەی دانیشتووانی ناوچەکانی ڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبار، شەپۆلە خۆڵبارینەکە لە بەرە بەیانی ئەمڕۆ هەینییەوە زیاتر چڕ بووەتەوە.

هەروەها پۆلیسی هاتوچۆی ئەنبار هۆشداری بە شۆفێرانداوە لە ڕێگە دەرەکییەکاندا بەهۆی ئەم شەپۆلە چڕە خۆڵبارینەی سنوورەکەی گرتووە، بە هۆشیارییەوە گەشت بکەن و خۆیان لە سەرکێشی بە دوور بگرن. هاوکات جەختیشی کردووەتەوە، ئەگەری هەیە شەپۆلەکە چڕ تر بێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە شەپۆلێکی تەمومژی چڕ پارێزگای بەسرەی لە باشووری عێراق گرتووەتەوە و بەهۆیەوە ئاستی بینین لە هەندێک ناوچە بۆ 500 مەتر تاوەکوو 1000 مەتر کورت بووتەوە.

لەمبارەوە عامر جابری، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی کەشناسی عێراق، ئەو شەپۆلە تەمومژەی بەسرەی گرتووەتەوە، حاڵەتێکی ئاساییە و بەگوێرەی تێپەڕبوونی کات، کەشوهەوا ڕوون و مەودای بینین بۆ سەرووی پێنج کیلۆمەتر ئاسایی دەبێتەوە.

 
Fly Erbil Advertisment