ئەنجوومەنی ئاسایش سزایەکی توندی بۆ سەر حووسییەکان پەسەند کرد

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایەکی ئاراستەی حووسییەکان لە یەمەن کرد بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشە سنووربەزێن و دەریاییەکانیان. هاوکات، بڕیارنامەیەکی نوێی بۆ توندترکردنی گەمارۆی چەک لەسەر ئەم گرووپە پەسەند کرد.

لە بڕیارنامەکەدا کە بە دەنگی زۆرینەی 13 ئەندام پەسەند کرا، بە توندی ئیدانەی "هێرشە سنووربەزێنەکان و دەریاییەکان لەلایەن حووسییەکانەوە" کرا و داوای "کۆتاییهێنانی دەستبەجێی ئەم هێرشانە" دەکات، بەتایبەتی ئەوانەی ژێرخانی مەدەنی دەکەنە ئامانج. بەڵام هەریەک لە ڕووسیا و چین دەنگیان نەدا و بێلایەن بوون.

وردەکاریی سزاکانیش بریتین لە دەست بەسەرداگرتنی سەروەت و سامان و قەدەغەکردنی گەشتکردن، بۆ ماوەی ساڵێک واتا، تا 14ـی تشرینی دووەمی داهاتوو. ئەم سزایانە ئێستا نزیکەی 10 کەس دەگرێتەوە کە زۆربەیان بەرپرسانی حووسین، لەگەڵ خودی گرووپەکە وەک قەوارەیەک. هەروەها دەقی بڕیارنامەکە ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی سزاکان ئەو کەسانەش بگرێتەوە کە تێوەگلاون لە هەڵدانی مووشەکی بالیستی و هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور. بڕیارنامەکە داوا لە وڵاتانی ئەندام دەکات هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی چەک و پێکهاتەکانی چەک لە ڕێگەی وشکانی و دەریاوە چڕتر بکەنەوە.

جێگری باڵیۆزی بەریتانیا، جەیمس کاریوکی، پێشوازی لە بڕیارنامەکە کرد و گوتی ئەمە "توانای ئەنجوومەنەکە بۆ چاودێریکردن و ڕێگریکردن لە پێشێلکارییەکانی گەمارۆی چەک بەهێزتر دەکات."

بەڵام هەندێک لە وڵاتانی ئەندام وەک ئەمەریکا و فەرەنسا، نیگەرانی خۆیان دەربڕی کە بڕیارنامەکە توندتر نەبووە. جێگری باڵیۆزی فەرەنسا، گای دارمەدیکاری، گوتی: "بەداخەوە دەقە پەسەندکراوەکە توند نییە و ڕەنگدانەوەی خراپبوونی دۆخی یەمەن نییە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا."

لە بەرامبەردا، چین و ڕووسیا کە مافی ڤیتۆیان هەیە، دژی توندکردنەوەی زیاتری سزاکان بوون.

حووسییەکان هێرشەکانیان بە مووشەک و درۆن بۆ سەر ئیسرائیل و کەشتییە بازرگانییەکان لە کەناراوەکانی یەمەن چڕتر کردووەتەوە، بەتایبەتی لەدوای هێرشەکەی حەماس لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023. ئەوان ئەم کارانەیان وەک پشتیوانییەک بۆ فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە پاساو دەهێننەوە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment