بەشێکی غهززەییەکان بە ڕاوهماسی بژێویی ژیانیان دابین دهكهن
لەگەڵ دامرکانەوەی کاتیی ئاگری شەڕ، چەندان ڕاوچیی ماسی لە کەرتی غەززە ڕوویان لە دەریا کردووە.
ئەوان بە ترس و لەرزەوە هەوڵی دابینکردنی بژێویی ژیانیان دەدەن. ڕاوچییەکان هێشتا ناتوانن بە ئازادی ماسی ڕاوبکەن، چونکە مەترسیی تەقەلێکردن و دەستگیرکردنیان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە هەیە.
ئەحمەد حسی، یەکێک لە ڕاوچییەکان، گوتی: "کارکردنمان لە دەریا پڕە لە مەترسی. سوپای ئیسرائیل دەریاکەی قەدەغە کردووە و هەموو ساتێک ئەگەری مەترسی هەیە. دێن تەقە لە خەڵک دەکەن، دەستگیریان دەکەن و دەیانڕفێنن. زۆربەی ڕاوچییەکان دۆخی داراییان زۆر خراپە و پێویستیان بە کەرەستەی ڕاوکردن و تۆڕ هەیە. ڕۆژانە ڕووبەڕووی کوشتن و دەستگیرکردن دەبینەوە. داواکارین پارێزراو بین و ڕێگەمان پێبدرێت تا مەودای پێنج کیلۆمەتر بچینە ناو دەریاوە."
ڕاوچییانی غەززە ناتوانن زۆر لە کەناراوەکان دوور بکەونەوە. هۆکارەکەیشی بۆردومانەکانی ئیسرائیلە. ئەو بۆردومانانە زۆربەی بەلەمەکانیانی تێکشکاندووە.
حوسام بەکر، ڕاوچییەکی دیکە، دەڵێت: "ڕێگەمان پێنادەن تەنانەت 10 مەتر بچینە ناو دەریاوە. بۆ ڕاوەماسی تەنیا پشت بە خودا دەبەستین. تۆڕە کۆن و فڕێدراوەکانمان بەکاردەهێنینەوە. پارچەی تۆڕەکان بە یەکدییەوە دەدوورینەوە و گرێیان دەدەین. ئەم کارە بۆ دابینکردنی بژێویی منداڵەکانمانە، بەڵام چوونە دەریا قەدەغەیە."
پێش دەستپێکردنی جەنگ، ڕاوکردنی ماسی بژێویی ژیانی 18 هەزار کەسی لە کەرتی غەززە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دابین دەکرد. هەروەها بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ژیانی 110 هەزار کەسی دیکە هەبوو؛ بەڵام لە دوای هەڵگیرسانی جەنگ، زیاتر لە 200 ڕاوچی کوژراون.
ئێستا غەززە لە سێ لاوە گەمارۆی ئاگری تێدایە و لەلایەکی دیکەشەوە دەریایەکە. سەرەڕای برسێتی، کەس ناوێرێت ڕووی تێبکات بۆ ڕاوەماسی.
