نەوتی بێ کڕیار هەڕەشە لە ئابووریی جیهان دەکات
دیاردەیەکی نوێ لە دەریاکاندا ڕوویداوە، دەیان کەشتی کە پڕن لە نەوتی خاو دەسووڕێنەوە بەبێ ئەوەی کڕیاریان هەبێت، ئەمە ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ داهاتووی ئابووریی جیهان و وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت.
ئاژانسی "ڤۆرتێکسا"ـی جیهانی لە نوێترین ڕاپۆرتیدا باسی لە زیادبوونی نەوتی بارکراو لە کەشتییەکاندا کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو بڕە نەوتەی لە کەشتییەکاندا بارکراوە و لە دەریاکاندا دەسووڕێنەوە زیاد بووە.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، بەهۆی سزای سەر چەند وڵاتێکی بەرهەمهێنەری نەوتەوە، بڕێکی زۆر نەوت لەناو کەشتییەکاندا ماوەتەوە و هیچ وڵات و کۆمپانیایەک ئامادە نییە بیکڕێت.
ساڵانێکە ئەم دیاردەیە هەیە، بەڵام ڕاپۆرتی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەریدەخەن، بڕی ئەو نەوتەی هی وڵاتانی سزادراوە و لەناو کەشتییەکاندا ماوەتەوە، بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد بووە.
سێ وڵاتی سەرەکیی هەن کە سزای توند و قورسیان لەسەرە و کۆتوبەند خراوەتە سەر نەوتەکەیان و هەر وڵاتێکیش مامەڵەیان لەگەڵ بکات سزا دەدرێت، ئەو سێ وڵاتە (ڕووسیا، ئێران و فەنزوێلا)ـن، بەهۆی کێشە سیاسییەکانیانەوە ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا سزایان بەسەریاندا سەپاندووە و بەو هۆیەوە ناتوانن بەشێوەیەکی ئازادانە نەوتەکەیان بفرۆشن.
ئاژانسی "ڤۆرتێکسا" ئاماژەی بەوە کردووە، بە گشتی بڕی ئەو نەوتەی لە کەشتییەکاندایە و دەگوازرێتەوە، زیادیکردووە، نەوتی وڵاتانی سزادراوی وەکو ڕووسیا و ئێران و فەنزوێلا 40% ئەو زیادبوونە پێک دەهێنێت.
ئەو فشار و کۆتوبەندانەی خراونەتە سەر هەناردەی نەوتی خاو، بووەتە هۆی دروستکردنی بارگرانی لەسەر کەرتی گواستنەوەی دەریایی، بەشێوەیەک کە داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن، تێچووی ڕۆژانەی کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوت ئاستی 100 هەزار دۆلاری بۆ ڕۆژێک تێپەڕاندووە، ئەوەش لە داهاتوودا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر نرخی نەوت دەبێت.
ئەگەر وڵاتێکی وەکو ڕووسیا بە نموونە وەربگرین، ئەوا دەردەکەوێت بڕی ئەو نەوتەی کە لەناو کەشتییەکاندا و لە دەریادا ماوەتەوە، گەیشتووەتە بەرزترین ئاست، بەشێوەیەک کە ئێستا 390 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕووسیا لەناو کەشتییەکاندایە و لە دەریاکاندان بەبێ کڕیار دەسووڕێنەوە، ئەمەش زیانێکی گەورەیە بۆ ئابووریی ڕووسیا و کەرتی وزەی جیهانییش.
