بەرپرسێکی باڵای حزبوڵڵا: ئێمە هەرگیز خۆمان بە دەستەوە نادەین
عەلی دەعموش، سەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری حزبوڵڵای لوبنانی، دەڵێت: هەموو دەستدرێژییەکانی داگیرکەران بۆ سەر لوبنان بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی ئەمەریکا دەکرێن.
شەممە، 15ـی تشرینی دووەم 2025، ئاژانسی هەواڵی 'تەسنیم' لە زاری عەلی دەعموش، سەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری حزبوڵڵای لوبنانی، بڵاوی کردەوە 'ئیسرائیل هەموو ڕۆژێک بە پشتیوانی و بەشداریی ئەمەریکا درێژە بە هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان دەدات و ئەم دەستدرێژیانە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵدان بۆ گەمارۆدان و دابڕینی خەڵکی لوبنان بە مەبەستی لاوازکردنی توانای بەرهەڵستکاری خۆڕاگری لە ناویاندا."
خۆبەدەستەوەدان لە فەرهەنگی مقاوەمەدا نییە
دەعموش، دوێنێ لە میانی کۆبوونەوەیەکی سیاسیدا لە گەڕەکێکی باشووری بەیروت، ڕایگەیاند "ئیسرائیل دەیەوێت لوبنان لەنێوان دوو بژاردەدا دابنێت؛ بەردەوامیی کوشتار و گەمارۆ، یان خۆبەدەستەوەدان بە گوێرەی مەرجەکانی خۆی؛ بەڵام ئێمە شەڕانگێز نین و خۆبەدەستەوەدانیش لە فەرهەنگی بەرەی مقاوەمەدا نییە."
ئەو بەرپرسە باڵایەی حزبوڵڵای لوبنانی، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کە حکوومەتی لوبنان لە 27ی تشرینی دووەمی 2024 مۆری کرد، شەڕ کۆتایی هات و ئەو ڕێککەوتنە جەختی لەسەر پێویستیی ڕاگرتنی دەستدرێژییەکان و کشانەوەی ئیسرائیل لە خاکە داگیرکراوەکانی لوبنان دەکردەوە. حزبوڵڵاش بەم ڕێککەوتنە ڕازی بوو و پابەندی هەموو بڕگەکانی بوو، بەڵام ئیسرائیل هەر لە یەکەم ڕۆژەوە بەردەوام بووە لە پێشێلکردنی ئاگربەست و هەزاران جار ئەم ڕێککەوتنەی لەبەرچاوی هەموو جیهان پێشێل کردووە.
لوبنان پێویستی بە ڕێککەوتنێکی نوێ نییە
عەلی دەعموش، گوتیشی:ئیسرائیل سەرەڕای هەموو دەستدرێژییەکانی، نەیتوانی هەستی خۆڕاگری لەناو خەڵکی لوبناندا لاواز بکات، کە پابەندن بە نیشتمانی خۆیان و مافی ژیان لە ئاسایش و سەقامگیری و کەرامەتدا.
سەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری حزبوڵڵای لوبنانی، هەروا گوتی: داواکاریی ئێمە هەمیشە حکوومەتێکی نیشتمانیی بەتوانا و دادپەروەر بووە کە جێگەی متمانەی خەڵکی لوبنان بێت و هیواکانیان لەبەرچاو بگرێت و پارێزگاری لە سەروەرییان بکات.
عەلی دەعموش، لە کوتایی قسەکانیدا گوتی: لوبنان پێویستی بە ڕێککەوتنی نوێ نییە و تەنیا لە چوار چێوەی جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتننامەی 27ـی تشرینی دووەمی 2024 و ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیلدا گفتوگۆ دەکات.
