ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی: زیاتر لە 900 کەس بە هۆی دواکەوتنی چارەسەرەوە لە غەززە گیانیان لەدەستداوە

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ڕایگەیاندووە، بە هۆی ڕێگری لە هاتنە ناوەوەی پێداویستییە پزیشکییەکان و ڕێگە نەدان بە بردنە دەرەوەی نەخۆش لە کەرتی غەززەوە لە لایەن ئیسرائیلەوە، زیاتر لە 900 کەس لەو کەرتە گیانیان لەدەستداوە.

شەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2025، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی داوە، 16 هەزار و 500 نەخۆش لە کەرتی غەززە، چاوەڕوانی ئەوەن چارەسەری پزیشکیان بۆ بکرێت، کە لە نێوانیاندا چوار هەزار منداڵ هەیە؛ هاوکات زیاتر لە 900 کەس لەو کەرتە گیانیان لەدەستداوە.

ڕێکخراوەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەگەر ڕێگریکردنی بە گەیشتنی پێداویستییە پزیشکییەکان لە لایەن ئیسرائیلەوە بەردەوام بێت، ئەوە بۆ فەڵەستینییەکان وەکوو سزای لە سێدارەدان دەبێت، چونکە خەڵکێکی زۆر بە هۆییەوە گیان لەدەست دەدەن.

تێدرۆس ئادهانۆم گیبریسیۆس، بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوەی تەندروستی جیهانی، لەو بارەوە دەڵێت: داواکارین لە ئیسرائیل سەرجەم دەروازەکان بکاتەوە، بۆ ئەوەی پێداویستی پزیشکی بە شێوەیەکی فراوان بگاتە کەرتی غەززە، هەروەها لە ناوەوەی غەززەش ڕێگە بدرێت کارمەندان و پزیشکان، بە ئاسانی هاتوچۆ بکەن و بگەن بە هەموو شوێنێکی ناوچەکە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، دروستکردنی هەر بەربەست و ڕێگرییەک لە بەردەم پرۆسەی چارەسەرکردنی ئەو کەسانەی پێویستییان بە چارەسەر هەیە، مانای داڕمان و هەرەس هێنانی کەرتی تەندروستییە لە غەززە، هاوکات بە هۆیەوە هەزاران کەس گیان لەدەست دەدەن.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ساڵی 2024ـەوە، تەنیا 119 چالاکی گواستنەوەیان هەبووە، لەو چوارچێوەیەدا هەشت هەزار نەخۆش، لە نێوانیاندا پێنج هەزار و 500 منداڵ هەیە بە مەبەستی چارەسەرکردن لە دەرەوەی شوێنی مانەوەیان گواستراونەتەوە.

باسی لەوەش کردووە، ئێستا نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە، بە توانای کەمتر لە نیوەی هێزیان دەتوانن کار بکەن، چونکە دەرمان و وزە و کەلوپەلی پێویستیان نییە، بۆیە ئەگەر زوو ئەم دۆخە چارەسەر نەکرێت، بێگومان کارەساتی مرۆیی گەورە لە کەرتی غەززە ڕوو دەدات.

 
 
Fly Erbil Advertisment