ڕەققە.. هەسەدە هێرشێکی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشقی تێکشکاند
هەسەدە ڕایگەیاند، هێزەکانیان هێرشێکی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشقیان لە ڕۆژهەڵاتی ڕەققە تێکشکاندووە، هاوکات هۆشداریش دەدات ئەو هێرشە بەردەوامانە بێ وەڵام نابن.
هەینی 15ـی تشرینی دووەمی 2025 ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق لە میحوەری غانم عەلی لە دەوروبەری ڕۆژهەڵاتی ڕەققە، هێرشێکی نوێیان کردووەتە سەر هێزەکانیان کە تێیدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەکی قورسیان بەکارهێناوە، بەبێ هیچ ڕەچاوکردنێکی سەلامەتیی هاووڵاتییانی مەدەنی و سەقامگیریی ناوچەکە.
هەسەدە دەشڵێت: هێزەکانمان بەو پەڕی بەرپرسیارێتی و تواناوە، بە سەرکەوتوویی هێرشەکانیان تێکشکاندوە؛ هاوکات لە ئەنجامی پێکدادانەکاندا سێ کەس بریندار بوون و گرووپەکەش قوربانی داوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هەسەدە هۆشداری داوە کە وەڵامی ئەو هێرشانە دەدەنەوە و ڕایگەیاندووە، وەڵامی هێزەکانمان هاوتای هێرشەکان بوو، بەڵام بە پابەندبوونی تەواوەوە بە ددانبەخۆداگرتن و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە فراوانبوونێکی شەڕەکە. لەگەڵ ئەوەشدا، بە ڕوونی ڕایدەگەیەنین کە لە بەرانبەر هێرش و ئاژاوەگێڕییە دووبارەکاندا دەستەوەستان ناوەستین و ڕێوشوێنی پێویست دەگرینە بەر بۆ پاراستنی ناوچەکانمان، هێزەکانمان و گەلەکەمان لە هەر هەڕەشەیەک.
باسی لەوەش کردووە ئەم ڕەفتارە بێباکانەیە، ئەو گرووپە چەکدارانە ناوچەکە بەرەوە گرژیی زیاتر ڕادەکێشێت و هەموو هەوڵەکان بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە تێک دەدات.
هەسەدە لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لەو لایەنانەی پشتیوانیی ئەم گرووپانە دەکەن، کۆنترۆڵییان بکەن و کۆتایی بە کردەوە نابەرپرسیارانەکانیان بهێنن، چونکە ئەوان هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری لە تەواوی ناوچەکەدا.
