لە هێرشێکی ئەلیکترۆنی لە سۆماڵ زانیاری هەزاران هاووڵاتی ئەمریکی دزرا

لە ڕووداوێکی مەترسیداردا کە نیگەرانییەکی زۆری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دروستکردووە، باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە مەقادیشۆ ڕایگەیاند کە پلاتفۆرمی ڤیزای ئەلیکترۆنی سۆماڵ لە 11ی ئەم مانگەدا تووشی هێرشێکی ئەلیکترۆنی گەورە بووە. بەهۆی ئەم هێرشەوە، زانیارییە کەسییەکانی لانیکەم 35 هەزار داواکار دزراون، کە پێدەچێت هەزاران هاوڵاتی ئەمریکی لەنێویاندا بن.

بەگوێرەی ئاگادارکردنەوەیەکی ئەمنیی کە لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە، ژمارەیەک هاککەری نادیار توانیویانە سیستەمی ئەلیکترۆنییەکە ببەزێنن و دەستیان بە زانیارییە هەستیارەکانی ئەو کەسانە گەیشتووە کە داوای ڤیزای ئەلیکترۆنیی سۆماڵیان کردووە. ئەم ڕووداوە پرسیاری جددی لەسەر ئاسایشی داتای خزمەتگوزارییە گشتییە دیجیتاڵییەکان لە سۆماڵدا دروستکردووە.

میدیاکانی سۆماڵ ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو زانیارییانەی ئاشکرا بوونە، زۆر هەستیارن و بریتین لە ناوەکان، وێنەی کەسی، بەرواری و شوێنی لەدایکبوون، ناونیشانی ئیمەیڵ، باری خێزانی و ناونیشانی ماڵەکان، باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە کە بەڵگەنامە دزراوەکان کە لە ئینتەرنێتدا بڵاوکراونەتەوە، پێدەچێت لەگەڵ جۆری ئەو تۆمارانەدا بگونجێن کە لە بنکەداتای کۆچبەراندا هەڵگیراون، هەرچەندە نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ناسنامەی ئەو کەسانە پشتڕاست بکاتەوە کە زانیارییەکانیان دزراوە.
ئەم ڕووداوە لێکەوتەی دیپلۆماسی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەیەک لە دیپلۆماتکارە بیانییەکان لەسەر پاشخانی ئەم هێرشە ئەلیکترۆنییە دەرکراون، لە کاتێکدا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.

تا ئێستا سیستەمەکانی پەیوەست بە پلاتفۆرمی ڤیزای ئەلیکترۆنی سۆماڵ لەکارکەوتوون و دەسەڵاتداران هەوڵدەدەن زیانەکان هەڵسەنگێنن و کۆنتڕۆڵیان بکەن، سەرەڕای جددییەتی هێرشەکە، حکوومەتی فیدراڵی سۆماڵ تا ئێستا هیچ بەیاننامەیەکی فەرمیی بڵاونەکردووەتەوە، ئەمەش داواکارییەکانی بۆ ڕوونکردنەوەی خێرا و دڵنیاییدان بە هەزاران داواکاری زیانلێکەوتوو زیاتر کردووە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا داوای لە هەر کەسێک کردووە کە داوای ڤیزای ئەلیکترۆنیی سۆماڵی کردووە، وا دابنێت کە زانیارییەکانی کاریگەرییان لەسەر بووە، هەروەها داوای کردووە کە بەردەوام چاودێریی نوێترین زانیارییەکانی ئاژانسی کۆچ و هاوڵاتینامەی سۆماڵ بکەن، کاتێک سیستەمەکە چاک دەکرێتەوە.

لە چوارچێوەی ئاگادارکردنەوەکەیدا، باڵیۆزخانە هانی داواکارانی پەیوەندیداری داوە کە ڕێنماییەکانی لیژنەی بازرگانی فیدراڵی ئەمریکی (FTC) لەسەر چۆنیەتی وەڵامدانەوەی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان و پاراستنی زانیارییە کەسییەکانیان پێداچوونەوەی بۆ بکەن.

چاودێران دەڵێن کە ئەم هێرشە نیگەرانییەکی زۆری لەسەر پاراستنی داتا، تواناکانی ئاسایشی سایبەری و لاوازیی خزمەتگوزارییە گشتییە دیجیتاڵییەکان دروست دەکات، بەتایبەت لە وڵاتانی وەک سۆماڵ کە لە قۆناغی گەشەکردندان لە بەدیجتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانیاندا.

 

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment