ئاری ئەحمەد قادر: وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆی هەولێر هەنگاوێکی گەورەیە بەرەو بنیاتنانی شارێکی پاکتر

دیمەنێکی وێستگەکە کە بۆ کوردستان24 نێردراوە
دیمەنێکی وێستگەکە کە بۆ کوردستان24 نێردراوە

لە پێناو پەرەپێدانی ژێرخانی ژینگەیی و پاراستنی تەندروستی گشتی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەست بە جێبەجێکردنی یەکێک لە گەورەترین پڕۆژە ژینگەییەکانی خۆی دەکات کە وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆی هەولێر – قۆناغی دووەمە، ئەم پڕۆژە ستراتیژییە، کە بە ڕێنمایی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت، گوژمەی 579 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی تێدەچێت و تەواوی بودجەکەی لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە دابینکراوە.

ئاری ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: ئەم پڕۆژەیە نەک تەنیا لە ڕووی قەبارەوە گەورەیە، بەڵکو گرنگییەکی ژینگەیی و تەندروستی بێئەندازەی هەیە بۆ شاری هەولێر و دانیشتووانەکەی.

لەبارەی گرنگی و ئامانجەکانی پڕۆژەکە، ئاری ئەمەد قادر گوتی: بەشی گرنگی پرۆژەکە

دابینکردنی ئاوی ئاودێرییە، کە پڕۆژەکە دەبێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ دابینکردنی ئاوی پێویست بۆ ئاودێریکردنی پشتێنەی سەوزایی هەولێر، پارکە گشتییەکان وەک پارکی سامی عەبدولڕەحمان، کە لە ئێستادا بە ناچاری پشت بە ئاوی ژێر زەوی دەبەستن، ئەمەش کەمکردنەوەی فشار لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەوی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

هەروەها بۆ پاراستنی ژینگە و تەندروستی گشتی، ئاری ئەحمەد گوتی: جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە کۆتایی بە تێکەڵبوونی ڕاستەوخۆی ئاوەڕۆ بۆ ناو ڕووبارەکان و کەناڵە سروشتییەکانی ئاو دەهێنێت، ئەمەش ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە پاراستنی ئاوی ژێر زەوی لە پیسبوون، کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گواستراوەکان کە بەهۆی ئاوەڕۆوە سەرهەڵدەدەن، و بە گشتی باشترکردنی کوالێتی ژینگەی شارەکە.

دەشڵێت: بەشێکی دیکەی پرۆژەکە پشتگیریکردنی کشتوکاڵی پاکە، وێستگەکە پشتگیری لە گەشەپێدانی کشتوکاڵی پاکتر دەکات کە لەگەڵ ستانداردە ژینگەییە نێودەوڵەتییەکاندا یەکدەگرێتەوە، بەمەش ئاسایشی خۆراک و پەرەپێدانی بەردەوام بەهێزتر دەبێت.

بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ دەڵێت: پڕۆژەکە، کە بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، و لەلایەن کۆمپانیای ناوخۆیی ئاوزان جێبەجێ دەکرێت، لەسەر ڕووبەری 225 دۆنم زەوی لە ڕۆژئاوای شاری هەولێر دروست دەکرێت، دوای تەواوبوونی، توانای پاککردنەوەی 840 هەزار مەتر سێجا ئاوەڕۆی لە ڕۆژێکدا دەبێت، بە هەردوو ئاوی قوڕس و بۆر، ئەمەش بۆ ماوەی 30 ساڵی داهاتوو خزمەت بە زیادبوونی دانیشتوانی هەولێر دەکات و بە شێوەیەکی بەرچاو تەندروستی گشتی، پاکوخاوێنی و پاراستنی ژینگە بەرەوپێش دەبات.

لەبارەی پێکهاتە سەرەکییەکانی پڕۆژەکەش ڕایگەیاند: پرۆژەکە بریتییە لە:

1. دروستکردنی تۆڕی ئاوەڕۆ کە  بریتییە لە دانانی 21.9 کیلۆمەتر بۆڕی ئاوەڕۆ، 5.3 کیلۆمەتری بە تەکنیکی (Pipe Jacking) ئەنجامدەدرێت، ئەم تەکنیکە واتا بەبێ هەڵکۆڵینی شەقام و کۆڵانەکان، ئەمەش زیانی کەمتر بە ژێرخانی شار دەگەیەنێت و کاریگەری لەسەر هاتووچۆ کەم دەکاتەوە.

2. وێستگەیەکی مۆدێرنی چارەسەرکردنی ئاوەڕۆ: پرۆسەی چارەسەرکردنی ئاوەڕۆ بە شێوازێکی پێشکەوتوو ئەنجامدەدرێت، کە سکرینکردن، هەواگۆڕکێ، پاڵاوتن و چەندین قۆناغی دیکە دەگرێتەوە. دوای چارەسەرکردن، ئاوەڕۆکە دەتوانرێت جارێکی دیکە بۆ مەبەستە جیاوازەکان بەکاربهێنرێتەوە.

3.  کارپێکردن و چاککردنەوە: پڕۆژەکە قۆناغێکی دوو ساڵەی کارپێکردن و چاککردنەوەی بۆ دڵنیابوون لە کارکردنی کارا و بەردەوامی وێستگەکە لەخۆدەگرێت.

بە تەواوبوونی ئەم وێستگەیە، هەولێر هەنگاوێکی گەورە بەرەو بنیاتنانی شارێکی پاکتر، تەندروستتر و بەردەوامتر دەنێت بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتوو.

 

 
Fly Erbil Advertisment