پوتن و ناتانیاهۆ تاوتوێی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل

سەرۆکی ڕووسیا و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا تاوتوێی دۆخی کەرتی غەززە و سووریا، هەروەها پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانیان کرد.

شەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2025، نووسینگەی ڕاگەیاندنی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بە تەلەفۆن قسەیان کرد.

بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، هەر دوو لا بۆچوونی خۆیان لە بارەی پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ئاڵوگۆڕ کردووە، بە تایبەت دۆخی غەززە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕکردنی بارمتەکان.

لە ڕاگەیەنراوەکەی کرێملن باس لەوەش کراوە، پوتن و ناتانیاهۆ، گفتوگۆیان لە بارەی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران و پرسەکانی پەیوەست بە پاراستنی سەقامگیریی سووریا کرد.

ئەمەش لە کاتێکدایە 6ـی تشرینی یەکەمی 2025، پوتن و ناتانیاهۆ بە تەلەفۆن قسەیان کردبوو، کە هەر دوو لایان تاوتوێی پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و دۆخی سووریایان کردبوو.

هەروەها هەر دوو لا گفتوگۆیان لە بارەی پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرتی غەززە کردبوو.

 
 
Fly Erbil Advertisment