مەسرور بارزانی: وێستگەی پاککردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆی هەولێر یارمەتی کەرتی کشتوکاڵ و ژینگەپارێزیش دەدات
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی قۆناغی دووەمی پرۆژەی وێستگەی پاککردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆی هەولێری دانا.
سەرۆکی حکوومەت لە گوتارێکدا ڕایگەیاند "ئەم پڕۆژەیە کە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە هاوکاریی کۆمپانیای "ئاوزان" ئەنجامی دەدات، هەروەها بڕیارە یەکێک لەو هەشت یەکەی ئەم پڕۆژەیە، بە سوپاسەوە، لە لایەن ئاژانسی "جایکا"ـی ژاپۆنییەوە جێبەجێ بکرێت. هەروەک دیارە، ئەم پڕۆژەیە لە هەشت یەکە پێک هاتووە و یەکێک لەو یەکانە، هیوادارین کە ئاژانسی "جایکا"ـی ژاپۆنی جێبەجێی بکات و هیوادارین لە کاتێکی زوودا ئەوانیش دەست بە کارەکانیان بکەن."
مەسرور بارزانی گوتیشی "ئەم پڕۆژە گرنگ و ناوازەیە ڕێگری لە تێکەڵبوونی ئاوی ئاوەڕۆ لەگەڵ سەرچاوە سروشتییەکان و ئاوی ژێرزەوی و پیسبوون و نەخۆشییە گوازراوەکانی ئاو دەکات. یارمەتیی زیادکردنی کەرتی کشتوکاڵ و ژینگەپارێزیش دەدات، چونکە ئاوەکە پاش چارەسەرکردن و پاڵاوتنی دووبارە، بەکاردەهێنرێتەوە. بەمەش، تا ئاستێکی زۆر فشار لەسەر ئاوی ژێرزەوی کەم دەکرێتەوە."
بە گوتەی سەرۆکی حکوومەت " ئەم پڕۆژەیە باشترین سەرچاوەیە بۆ ئاودێریی پارك و سەوزایی، هەروەها دەبێتە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ گشت پلانەکانمان بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە هەولێر. لەوانەش، پاڵپشتیکردنی هەردوو پڕۆژەی (پشتێنەی سەوزایی) و (ڕێڕەوی ژیان) و هەموو پارکەکانی دیکە، کە کاریگەریی باشی لە بواری دابینکردنی زیاتری ئاو و پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و باشترکردنی دۆخی ژینگەیی و تەندروستیی شارەکانماندا دەبێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆک وەزیران ئاشکرای کرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلانی هەیە پڕۆژەی هاوشێوە لە شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستانیش ئەنجام بدات، بە ئامانجی "خزمەتکردنی هاووڵاتییان و بردنی ئاستی ژیان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتووتر."
سەرۆکی حکوومەت هیوای خواست پڕۆژەکە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا تەواو بکرێت و ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ دانیشتووانی شاری هەولێر و تەواوی کوردستان.
ئەمەش دەقی گوتارەكەیەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
خوشك و برایانی بەڕێز و خۆشەویست
ئامادەبووانی هێژا
زۆر زۆر بەخێر بێن، خۆشحاڵم كە لەگەڵتان لێرەم و ئامادەین بۆ دانانی بناخەی ئەم پرۆژە گەورەیە.
ئەمڕۆ بەردی بناخەی پڕۆژەیەکی دیکەی گرنگ لە شاری هەولێر دادەنێین کە وێستگەی چارەسەرکردن و پاککردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆیە. کە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە هاوکاریی کۆمپانیای (ئاوزان) ئەنجامی دەدات.
هەروەها بریارە یەکێک لەو هەشت یەکەیەی كە لەم پرۆژەیە بە سوپاسەوە لەلایەن ئاژانسی (جایکا)ی ژاپۆنی جێبەجێ بکرێت، هەروەك دیارە ئەم پرۆژەیە لە هەشت یەكە پێكهاتووە، یەكێك لەو یەكانە هیوادارین كە ئاژانسی (جایكا)ی ژاپۆنی جێبەجێی بكات و هیوادارین لە كاتێكی زوودا ئەوانیش دەست بە كارەكانیان بكەن.
ئەم پڕۆژە گرنگ و ناوازەیە، ڕێگريی لە تێکەڵبوونی ئاوی ئاوەڕۆ لەگەڵ سەرچاوە سروشتییەکان و ئاوی ژێر زەوی و پیسبوون و نەخۆشییە گوازراوەکانی ئاو دەکات. یارمەتیی زیاتری کەرتی کشتوکاڵ و ژینگەپارێزیش دەدات چونکە ئاوەکە پاش چارەسەرکردن و پاڵاوتنی، دووبارە بەکار دەهێنرێتەوە، بەمەش تا ئاستێکی زۆر، فشار لە سەر ئاوی ژێر زەوی کەم دەکات.
ئەمڕۆ ئاو لە عێراق و ناوچەکەدا، بووەتە خەم و کێشەیەکی گەورە. بۆیە ئێمە زووتر دەستمان بە چەند پڕۆژەیەکی گرنگ لە بواری دابینکردن و پاراستنی ئاو و ژینگەپارێزی کرد وەک دروستکردنی بەندا و پۆند و گەیاندنی ئاو بۆ ناو شارەکان و ناوچەکانی دەوروبەری.
ئەم پڕۆژەیە ، باشترین سەرچاوەیە بۆ ئاودێریی پارک و سەوزایی. هەروەها دەبێتە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ گشت پلانەکانمان بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە هەولێر، لەوانەش پاڵپشتیکردنی هەردوو پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی و ڕێرەوی ژیان و هەموو پارکەکانی دیکە، کە کاریگەریی باشی لە بواری دابینکردنی زیاتری ئاو و پاراستنی ئاوی ژێر زەوی و باشترکردنی دۆخی ژینگەیی و تەندروستی شارەکانمان دەبێت. بەرنامەشمان هەیە پڕۆژەی هاوشێوە لە شارەکانی دیکەی کوردستانیش ئەنجام بدەین.
ئامانجی سەرەکیی ئێمە لە هەموو ئەو پڕۆژانە ئەوەیە کە بە باشترین شێوە خزمەتی هاووڵاتییانی خۆمان بکەین و ئاستی ژیان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەرەو قۆناخێکی پێشکەوتووتر و باشتر ببەین و لە رووی ژینگەپارێزیش رێگا لە پیسکردنی ئاوی پاک و رووبارەکان بگرین و ئەم پرۆژەیە یارمەتیدەر دەبێت لە پاراستنی پاک و خاوێنیی سەرچاوەکانی ئاوی پارێزگاکانی تری عێراق بە گشتی كە دەكەونە سەر ڕێڕەوی ڕووبارەكان، بە تایبەتی رووباری دیجلە.
ئێمە پلان و پڕۆژەی زۆر زیاتر و گرنگترمان بۆ هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان هەیە و گەشبینین کە لە چەند ساڵی داهاتوودا، کوردستان وەرچەرخانێکی دیکە لە کاروانی پێشکەوتن و ئاوەدانی بەخۆیەوە دەبینێت.
پێش ئەوەی بێینە ئێرە، من بە ڕێگەیەكدا دەهاتم، بە شەقامێكدا دەهاتم كە بەڕاستی شەقامێكی گونجاو نییە و لێرەوە دەمەوێ بە جەنابی وەزیر بڵێم كە پەلە بكەن لە دروستكردنی ئەم شەقامە، بۆ ئەوەی خەڵكی ئەم ناوچەیەش بتوانن سوودمەند بن لە باشتركردنی شەقامەكان و كارە خزمەتگوزارییەكان.
لە كۆتاییدا من جارێكی تر سوپاسی ئامادەبوونی هەموو لایەكتان دەكەم، هەر شاد و تەندروست بن و كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.
تایبەتمەندییە گشتییەکانی پڕۆژەکە:
ناو: پڕۆژەی وێستگەی پاککردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆی هەولێر.
پێگە: یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژەکانی ژێرخانی ژینگەیی لە هەرێمی کوردستان.
بودجە: 579 ملیۆن دۆلار لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
شوێن: ڕۆژئاوای شاری هەولێر.
ڕووبەر: 205 دۆنم.
توانا: پاککردنەوەی 840 هەزار مەتر سێجا ئاوی قورس (ڕەش و خۆڵەمێشی) لە ڕۆژێکدا.
ماوەی خزمەتکردن: بۆ ماوەی 30 ساڵی داهاتوو داڕێژراوە تا خزمەتی دانیشتووانی هەولێر بکات.
جێبەجێکارانی پڕۆژەکە:
قۆناغی یەکەم: ئاژانسی جایکای ژاپۆنی (JICA).
قۆناغی دووەم: کۆمپانیای ناوخۆیی (ئاوزان).
پێکهاتە سەرەکییەکانی پڕۆژەکە:
* تۆڕی گواستنەوەی ئاوەڕۆ:
درێژییەکەی 21.9 کیلۆمەترە.
5.3 کیلۆمەتری بە تەکنیکی پێشکەوتووی (Pipe Jacking) جێبەجێ دەکرێت بۆ ئەوەی پێویست بە هەڵکۆڵینی شەقامەکان نەکات.
* وێستگەی چارەسەرکردن (WWTP):
- وێستگەیەکی مۆدێرنە کە پرۆسەی پاککردنەوە لە قۆناغەکانی (سکرینکردن، هەواگۆڕکێ، پاڵاوتن) ئەنجام دەدات.
- ئاوی پاککراوە بۆ مەبەستی جیاواز، بەتایبەت بۆ کشتوکاڵ، دووبارە بەکار دەهێنرێتەوە.
قۆناغی کارپێکردن و چاککردنەوە:
- ماوەکەی دوو ساڵە.
- ئامانج لێی دڵنیابوونە لە بەردەوامی و کارایی وێستگەکە.
گرنگیی پڕۆژەکە:
- ڕێگری لە تێکەڵبوونی ئاوی ئاوەڕۆ لەگەڵ سەرچاوە ئاوییە سروشتییەکان دەکات.
- ئاوی ژێر زەوی لە پیسبوون دەپارێزێت.
- مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گواستراوەکانی پەیوەست بە ئاو کەم دەکاتەوە.
- پشتگیری لە کشتوکاڵێکی پاکتر دەکات و لەگەڵ ستانداردە ژینگەییە نێودەوڵەتییەکاندا دەگونجێت.
- ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە دروستکردنی شارێکی پاکتر و تەندروستتر بۆ نەوەکانی داهاتوو.
