شارەوانیی بنەسڵاوە: هەر فەرمانبەرێک زەوییەکەی بفرۆشێت ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە
لە سنووری شارۆچکەی بنەسڵاوە، زیاتر لە پێنج هەزار فەرمانبەر سوودمەند بوونە لە وەرگرتنی زەوی، شارەوانیش ئاگاداری ئەو هەموو هاووڵاتییانە دەکاتەوە کە کڕین و فرۆشتن بە زەوییەکانیان دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2025، زریان سەباح، سەرۆک شارەوانیی بنەسڵاوە، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: هەر فەرمانبەرێک کڕین و فرۆشتن بەو زەوییانەوە بکات کە لەلایەن حکوومەتەوە دابەشکراون و تاوەکوو ئێستا تاپۆکانیان بە خاوەنەکانیان نەدراوە، ڕووبەڕووی سزای یاسای دەبێتەوە.
سەرۆکی شارەوانیی بنەسڵاوە گوتی: زانیاریمان پێگەیشتووە ژمارەیەک فەرمانبەر زەوییەکانیان فرۆشتووە، بۆیە هەموولایەک ئاگادار دەکەینەوە خۆیان بەرپرسیار دەبن، هەروەها لە قۆناغی وردبینیداین بۆ هەموو ئەو فەرمانبەرانەی ئێستا و پێشتر سوودمەند بوونە لە وەرگرتنی زەوی.
ئاماژەی بەوە دا، دوای پەسنکردنی نەخشەی زەوییەکان، پرۆسەی دابەشکردنی تاپۆی سەرجەم فەرمانبەرانی سوودمەند دەستپێدەکات.
لە سنووری بنەسڵاوە، پێنج هەزار و 119 فەرمانبەر سوودمەند بوون لە وەرگرتنی زەوی.
لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران، بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.
بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.
