هاکان فیدان: گرنگی بە دانوستانی هەسەدە و دیمەشق دەدەین
وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت: لەگەڵ ئەمەریکا لە بارەی تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە سوپای سووریا، دانوستان دەکەین.
یەکشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2025، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەڵێنی هەڵگرتنی سزا سەربازییەکانی سەر تورکیای داوە.
فیدان ئاماژەی بەوەش کرد، ترەمپ جەختی کردووەتەوە کە نابێت پرسی سزادان لە نێوان ئەنقەرە و واشنتندا هەبێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە بارەی هەسەدەوە، گوتی: لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا لە دانوستان لە بارەی تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ سوپای سووریا دەکەین.
هاوکات جەختی لەوە کردەوە، کە دەیانەوێت هەموو هەڕەشەیەک لەسەر یەکپارچەیی خاکی سووریا و داگیرکاری کۆتایی بێت.
هاکان فیدان، گوتیشی: گرنگی بە دانوستانی نێوان هەسەدە و حکوومەتی نوێی سووریا دەدەین، هەروەها نامانەوێت ئیسرائیل ببێتە هەڕەشە بۆ وڵاتی سووریا.
لە 10ـی ئاداری 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)، بۆ یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بە حکوومەتی نوێی سووریا، ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد.
ڕێککەوتنەکە پرسی دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە، کێڵگەکانی نەوت و گاز، هەروەها یەکپارچەیی خاکی سووریای لەخۆگرتبوو.
