واشنتن: کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس جیرالد ئاڕ فۆرد" گەیشتە دەریای کاریبی

گەیشتنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس جیرالد ئاڕ فۆرد" لە کاریبی
گەیشتنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس جیرالد ئاڕ فۆرد" لە کاریبی

هێزی دەریایی ئەمەریکا ڕایگەیاند، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس جیرالد ئاڕ فۆرد" (USS Gerald R. Ford)، نوێترین و پێشکەوتووترین کەشتی فڕۆکەهەڵگری وڵاتەکە، گەیشتووەتە دەریای کاریبی وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنی "ڕمی باشوور" (Operation Southern Spear) کە ئامانج لێی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان و گرووپە تاوانکارییە نێودەوڵەتییەکانە لە ناوچەکەدا.

پێت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، ئەم ئۆپەراسیۆنە بۆ لەناوبردنی "تیرۆریستانی ماددە هۆشبەرەکان" و پاراستنی ئەمەریکایە. ئیدارەی ترەمپ فشارەکانی بۆ سەر نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا، زیاد کردووە و تۆمەتباری دەکات بە "تیرۆری ماددە هۆشبەرەکان".واشنتن مادورۆ بە سەرۆکی شەرعی نازانێت و حکوومەتەکەی بە هاوکاریکردنی ئاشکرای بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان تۆمەتبار دەکات.

هاتنی کەشتییەکە هاوکاتە لەگەڵ زنجیرەیەک هێرشی کوشندەی سوپای ئەمەریکا بۆ سەر بەلەمی گومانلێکراو بە گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە کەناراوەکانی کاریبی و ڕۆژهەڵاتی زەریای هێمن، کە بووەتە هۆی کوژرانی دەیان کەس.

هاوکات لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکان، ترینیداد و تۆباگۆ کە تەنیا 11 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی ڤەنزوێلاوە دوورە، مانۆڕی سەربازی هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکا دەستپێکردووە. بەرپرسانی ترینیداد و تۆباگۆ ڕایانگەیاندووە، ئامانج لەم مەشقانە بەرەنگاربوونەوەی تاوانە توندوتیژەکانە لەو وڵاتەدا، کە بووەتە ڕێڕەوێکی ترانزێت بۆ گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان.

حکوومەتی ڤەنزوێلا ئەم جووڵە سەربازییانەی بە "کردەوەیەکی دەستدرێژیکارانە" ناوبردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەسەر گەیشتنی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکە نەداوە. شارەزایانی بواری سەربازی پێیان وایە کە ناردنی کەشتی "یو ئێس ئێس فۆرد" دەتوانێت ئامرازێکی کاریگەر بێت بۆ فشارخستنە سەر مادۆرۆ بە مەبەستی ناچارکردنی بە دەستلەکارکێشانەوە.

گەیشتنی ئەم کەشتییە زەبەلاحە کە زیاتر لە چوار هەزار دەریاوان و دەیان فڕۆکەی جەنگی لەخۆدەگرێت، گەورەترین کۆبوونەوەی هێزی سەربازیی ئەمەریکایە لە ناوچەکەدا لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا. بەگوێرەی وتەی بەرپرسانی فەرماندەیی باشووری هێزەکانی ئەمەریکا، ئۆپەراسیۆنی ڕمی باشوور نزیکەی 15هەزار سەرباز و ژمارەیەک کەشتی جەنگی دیکە لەخۆدەگرێت.

کەشتی "یو ئێس ئێس جیرالد ئاڕ فۆرد" بە بەهای 13ملیار دۆلار، یەکەمین کەشتییە لە نەوەی نوێی فڕۆکەهەڵگرە ئەتۆمییەکان و بە پێشکەوتووترین کەشتی جەنگی لە جیهاندا دادەنرێت. ئەم کەشتییە توانای هەڵگرتنی زیاتر لە 75 فڕۆکەی جەنگی هەیە و دەتوانێت باڵادەستی ئاسمانی تەواو لە حەوزی کاریبیدا بۆ ئەمەریکا مسۆگەر بکات.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment