میسر و ئەمەریکا لە بارەی جێگیرکردنی هێزی نێودەوڵەتی لە غەززە کۆدەبنەوە
میسر و ئەمەریکا بڕیارە لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس، لە بارەی جێگیرکردنی هێزی نێودەوڵەتی لە غەززە کۆبنەوە.
بەرپرسێکی میسری کە ناوی ئاشکرای نەکراوە، ئەمڕۆ دووشەممە 17ی تشرینی دووەمی 2025، بە ئاژانسی هەوڵی "نۆڤا"ی ڕایگەیاندووە، میسر و ئەمەریکا لە شاری عەریشی باکووری سینا، لە بارەی دیاریکردنی شوێنێک بۆ جێگیرکردنی هێزی نێودەوڵەتی لە غەززە کۆ دەبنەوە.
بە گوتەی بەرپرسەکە میسرییەکە، بە ئاگاداری و چاودێری ناوەندی "گرایت جات"ی ئیسرائیل، بڕیاردراوە هێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە شاری عەریش دابمەزرێت و جێگیر بکرێت، تاوەکو ئەو کاتەی ڕەوانەی کەرتی غەززە دەکرێت.
ئەرکی هێزە نێودەوڵەتییەکە پاراستنی هاووڵاتیان و چاودێری پرۆسەی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەبێت، هەروەها ئاسانکاری دەکات بۆ خێراتر گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بە کەرتی غەززە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تاوەکو ئێستا ئیسرائیل، رەزامەندی دەرنەبڕیەوە بە چوونە ناوەوەی هێزەکانی میسر و تورکیا بۆ ناو کەرتی غەززە، لە چوارچێوەی هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
باسی لەوەکردووە، ئەمەریکا بیر لە میکانیزمێکی نوێ دەکاتەوە، بۆ ڕێگە دان بە چوونە ناوەوەی هێزەکانی میسر و تورکیا لە چوارچێوەی هێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بە جۆرێک کە ئیسرائیل نەتوانێت ڕێگری هێز و هاوکارییەکان بکات لە گەیشتنیان بە کەرتی غەززە.
ئەم کۆبونەوەیەی میسر و ئەمەریکا، دوای لووتکەی "شرم شێخ" دێت، لە مانگی تشرینی ڕابردوو، کە تیایدا ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس ڕاگەیەنرا، کە بە گوێرەی پلانی ئاشتی پێشنیازکراو لە لایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکاوە ڕاگەیەندراوە.
