سعوودیە و ئەمەریکا کۆمەڵێک ڕێککەوتنی ستراتیژی بەرگری واژۆ دەکەن

شازادەی جێنشینی سعوودیە، محەممەد بن سەلمان، سبەی سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025 سەردانی واشنتن دەکات، ئەمەش وەک ڕووداوێکی ستراتیژیی سەیر دەکرێت و وا دەکات پەیوەندییە قووڵەکانی نێوان ئەمەریکا و سعوودیە دووبارە دابڕێژرێنەوە و هاوبەشییە ئابووری و ئەمنییەکان لە نێوان هەردوو هاوپەیمانە مێژووییەکەدا بەهێزتر بکرێن.

ڕۆژی چوارشەممە، ترەمپ و بن سەلمان سەرۆکایەتی کۆڕبەندی بازرگانی سعوودی-ئەمەریکی لە سەنتەری کێنێدی دەکەن، کۆڕبەندەکە تاوتوێی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە کەرتەکانی وزە، تەکنەلۆجیا، خزمەتگوزارییە داراییەکان، چاودێری تەندروستی و پەروەردە دەکات.

سەردانەکەی شازادەی جێنشینی سعوودیە بۆ واشنتن بە یەکەمین سەردانی فەرمی دادەنرێت لەوەتەی دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتی گرتووەتەوە دەست، ئەمەش چەند مانگێک دوای سەردانەکەی ترەمپ بۆ سعوودیە دێت، کە لە مانگی ئایاری 2025، وەک یەکەم گەشتی دەرەوەی وڵات سەردانی ڕیازی پایتەختی سعوودیەی کرد و گەورەترین ڕێککەوتنی بە بەهای 142 ملیار دۆلار لەگەڵ سعوودیە واژۆ کرد، بۆ دابینکردنی کەرەستە و خزمەتگوزاریی جەنگی پێشکەوتوو

ناوەندە سیاسی و ئابوورییەکانی ئەمەریکا بەچاوێکی دیکە سەیری سەردانەکەی محەممەد بن سەلمان دەکەن و وەک بەشێک لە بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان هەردوو وڵات، لە کەرتە جیاوازەکانی وەک، (وزە، تەکنەلۆجیا، ژێرخان، دارایی، ژیریی دەستکرد، چاودێری تەندروستی و بەرگری) دەیبینن، کە سعوودیە نیازی وایە لە چوار ساڵی داهاتوو بەبەهای 600 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمەریکا بکات.

ئارۆن دەیڤید میلەر، توێژەر لە دامەزراوەی "کارنیگی بۆ ئاشتی نێودەوڵەتی" ڕایگەیاند، "سەردانەکەی شازادەی جێنشینی سعوودیە، شازادە محەممەد بن سەلمان، بۆ ئەمەریکا پەیوەندییەکانی ئەم دوو وڵاتە بۆ ئاستێکی دیکە بەرز دەکاتەوە"، میلەر جەختی لە گرنگیی سەردانەکە کردەوە، لە پاڵپشتیکردنی کەرتەکانی بەرگریی و ژیریی دەستکرددا، و ئاماژەی بە ئەگەری واژۆکردنی ڕێککەوتنی بەرگری هاوبەش و فرۆشتنی نیمچە گەیەنەرە پێشکەوتووەکان بە ریاز کردەوە، چونکە شازادەی جێنشینی سعوودیە هەوڵ دەدات وڵاتەکەی بکاتە سێیەمین گرنگترین وڵات لە جیهاندا لە ڕووی کۆمپیوتەر و ژیریی دەستکردەوە دوای ئەمەریکا و چین.

جەیسۆن گرینبلات، نێردەی پێشووی کۆشکی سپی بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە گۆڤاری "نیوزویک"ـی ڕاگەیاند، پەیوەندیی بەرگری نێوان هەردوو وڵات بەهێزە، ئەمەش گرنگترین شتە بۆ ڕێگریکردن لە نەیاران، پاراستنی هێڵەکانی گواستنەوەی دەریایی و دابینکردنی وزە کە ئابووری جیهانی لەسەر وەستاوە.

گرینبلات گوتیشی: محەممەد بن سەلمان "تەنیا وڵاتەکەی بەرەو داهاتوو نابات، بەڵکو ناوچەکەش دووبارە دادەڕێژێتەوە بە شێوەیەک کە لەگەڵ بەرژەوەندییە هاوبەشەکاندا لە پێشکەوتن و سەقامگیریدا گونجاو بێت، لەگەڵ پاراستنی ناسنامەی کولتووری و ئایینی سعوودیە."

 

 
Fly Erbil Advertisment