وەزیری پەروەردەی تورکیا: پیشتر قسەکردن بە کوردی لە تورکیا قەدەغە بوو

وەزیری پەروەردەی تورکیا، ئاماژەی بەوە دا، پێشتر هەر کەسێک بە کوردی قسەی کردبا بە "خیانەتکار" دادەندرا، بەڵام ئێستا سیاستمەدارانی کورد بە زمانی دایکییان قسە دەکەن.

یەکشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2025، یووسف تەکین، وەزیری پەروەردەی تورکیا لە کاتی سەردانیکردنی مەڵەتی باکووری کوردستان ڕایگەیاند: پێشووتر لە تورکیا کاتێک کوردێک بە زمانی خۆی قسەی کردبا بە 'خیانەتکار' ناوزەند دەکرا.

وەزیری پەروەردە گوتی: ئەو کەسانەی گۆرانی کوردییان دەگوتەوە، بە ئاشکرا رووبەرووی رەخنە دەبوونەوە، بەڵام لەگەڵ هاتنی دەسەڵاتی ئاکپارتی ئەم قەدەغە و بەربەستانە لادران و ئەمڕۆ وەزیر و سیاسەتمەداران بە کوردی قسە دەکەن.

یووسف تەکین گوتیشی: دەچنە نێو ئەو کۆبوونەوانەی بە زمانی کوردی قسەی تێدا دەکرێت و ئەم هەنگاوە گرنگانە بۆ دیموکراسیکردنی تورکیا و پتەوکردنی یەکڕیزیی نەتەوەیی، تەبایی و برایەتی نراوە.

پێشتریش ناوەندی توێژینەوەی مەیدانی کۆمەڵایەتی-سیاسی لە نێوان 17 بۆ 21 تەممووزی ئەمساڵ، ڕاپرسییەکی ئەنجامدا بۆ دیاریکردنی ئاستی قسەکردن بە زمانی کوردی لە تورکیا و لە باکووری کوردستان.

بەگوێرەی ڕاپرسیەکە لە باکووری کوردستان زۆربەی هاووڵاتییانی کورد حەزدەکەن بە زمانی کوردی قسە لەگەڵ یەکتربکەن و بەگوێرەی هەمان ڕاپرسی لە 97% داوا دەکەن زمانی کوردی بە فەرمی لە نێو ناوەندەکانی خوێندن هەبێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment