بەرپرسێکی حزبوڵڵا لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا لە لوبنان کوژرا
بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکان و بەرپرسانی لوبنان، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، بەرپرسێکی حزبوڵڵای لوبنان لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا کوژرا.
ئاژانسی هەواڵی نیشتمانیی لوبنان بڵاویکردەوە، درۆنێکی ئیسرائیلی هێرشەکەی ئەنجامداوە و ئۆتۆمبێلەکەی ئەو بەرپرسەی حزبوڵڵا لە مەنسوور لە باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج، دواتر ئاگر لە ئۆتۆمبێلەکە بەربووە.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان لە بەیاننامەیەکدا کوژرانی هاوڵاتییەکی لەو هێرشەدا پشتڕاست کردەوە. هەروەها ئاژانسی هەواڵی نیشتمانی ڕایگەیاند، ئەو کەسەی کوژراوە، بەڕێوەبەری قوتابخانەی گشتیی شارۆچکەکە بووە.
سەرچاوەیەک لە هەواڵگری سوپای لوبنان بە ئاژانسی 'شینهوا'ـی ڕاگەیاندووە، قوربانییەکە، جگە لەوەی بەڕێوەبەری قوتابخانە بووە، هاوکات بەرپرسێکی حزبوڵڵاش بووە.
ئاڵۆزییەکان لە سنووری باشووری لوبنان بەردەوامە. سەرەڕای بوونی ئاگربەستێک کە لە 27ـی تشرینی دووەمی 2024وە لە نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیلدا کاری پێدەکرێت، سوپای ئیسرائیل ناوبەناو هێرشی ئاسمانی ئەنجام دەدات و ئەندامانی حزبوڵڵا لە باشووری لوبنان دەکاتە ئامانج، بە بیانووی "لابردنی هەڕەشەکان".
