داود ئۆغلو: مەسرور بارزانی گۆڕانکاریی ناوازەی ئەنجامداوە
لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS) لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک، ئەحمەد داود ئۆغلو، کەسایەتی دیاری سیاسی و ئەکادیمیی تورکیا، لە وتارێکدا دیدگای خۆی بۆ داهاتووی ناوچەکە خستەڕوو. ناوبراو وێڕای ستایشکردنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان، ڕەخنەی لە سیاسەتە کلاسیکییەکانی ناوچەکە گرت و جەختی لەسەر پێویستیی بنیاتنانەوەی پەیوەندییەکان کردەوە لەسەر بنەمایەکی نوێی دوور لە گیانی دوژمنایەتی.
دیداری دۆستانە و ستایشی گۆڕانکارییەکانی کوردستان
لە دەستپێکی قسەکانیدا، داود ئۆغلو بە ڕێز و پێزانینەوە باسی لە ڕۆڵی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد کرد، ئەو بە گەرمی سوپاسی سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی کرد، و بەتایبەتیش ستایشی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەو بانگهێشتە و ڕێکخستنی ئەم کۆڕبەندە گرنگە.
ئۆغلو تیشکی خستە سەر گفتوگۆیەکی نێوان خۆی و مەسرور بارزانی و گوتی: دوێنێ لەگەڵ کاک مەسرور باسی گەشەپێدانە ئابوورییەکانی کوردستانم کرد، بەتایبەت ئەو گۆڕانکارییە ناوازانەی لە زاخۆ کراون، کە جێگای دەستخۆشییە و بۆ سەرکەوتنی سیاسەتی حکوومڕانیی بەڕێزیان دەگەڕێتەوە.
دەرفەتێکی نوێ بۆ عێراق و ئاشتەوایی لەناوچەکە
سەبارەت بە دۆخی سیاسیی عێراق، ئەو سیاسەتمەدارە تورکە ئاماژەی بەوە دا کە کۆڕبەندەکە لە کاتێکی هەستیاردا دەبەسترێت، کە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکان بۆ دروستکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ و قۆناغی دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق.
ئەو گوتی: ئەمە یەکەمین کۆبوونەوەی سەرکردەکانی عێراقە دوای هەڵبژاردن، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم لە پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێز لە بەغدا، ئۆغلو جەختی لەوەش کردەوە کە دروستبوونی هەماهەنگییەکی تۆکمە لەنێوان هەولێر و بەغدا، نەک تەنیا بۆ عێراق، بەڵکو بۆ تورکیاش گرنگە، چونکە ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە عێراقدا ڕاستەوخۆ کاریگەریی ئەرێنی لەسەر خۆشگوزەرانیی خەڵکی تورکیا دەبێت.
شۆڕشی هزری و ڕەخنە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەنقەرە
لە بەشێکی گرنگی وتارەکەیدا، داود ئۆغلو بە ڕاشکاوی ڕەخنەی لە عەقڵییەتی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان لە ڕابردوودا گرت، بەتایبەت سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی خۆی لە سەردەمی شەڕی سارددا.
ئەو ئاماژەی بەوە دا کە تورکیا لە ڕابردوودا وزەیەکی زۆری خۆی بەفیڕۆ داوە بە مامەڵەکردن لەگەڵ دراوسێکانی وەک ڕووسیا، یۆنان، ئەرمینیا و پرسی کورد، ئەو گوتی: ئەمە تێگەیشتنێکی سەرکەوتوو نەبوو، من هەمیشە داوای ئەوەم کردووە وڵاتێک دروست بکەین کەکێشەی لەگەڵ دراوسێکانی نەبێت، دەبێت تێبگەین لەوەی دراوسێکانمان دوژمن نین، بەڵکو هاوبەشی مێژوویین.
بۆ داهاتوو، ئۆغلو داوای شۆڕشێکی لەنێو مێشکدا کرد و گوتی: ئێمە ئێستا تەنیا مامەڵە لەگەڵ قەیران دەکەین، بەڵام دەبێت ئاراستەمان بەرەو داهاتوو بێت بۆ ئەوەی ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێ بنیات بنێین.
سایکس-پیکۆ؛ برینێکی کۆن و پیلانێکی بەردەوام
داود ئۆغلو هاوڕابوونی خۆی لەگەڵ بۆچوونەکانی سەرۆک بارزانی دەربڕی سەبارەت بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی ڕێککەوتننامەی سایکس-پیکۆ، ئەو گوتی: دوای 110 ساڵ، مافی خۆمانە گلەیی لە سایکس-پیکۆ بکەین کە ئێمەی لەیەک دابڕاند و پەیوەندییە مێژوویی و کلتوورییەکانی پچڕاندین.
ئەو هۆشداریشی دا لەوەی کە هێشتا مەترسیی دابەشکردنی زیاتر لە ئارادایە و ڕایگەیاند: بەبێ بنیاتنانەوەی پەیوەندییە جیۆ-ئیکۆنۆمی و جیۆ-کەلچەرییەکان، ئاشتی دروست نابێت.
هۆشداریی لە پارچەپارچەبوونی سووریا
ئەو ئەکادیمیستە تورکە باسی دۆخی سووریای کرد و وەک نموونەیەک بۆ مەترسییەکانی دابەشبوون هێنایەوە، ئەو گوتی: ئەو سووریایەی ئەمڕۆ دەبینرێت، ئاڵنگارییەکی گەورەیە، ئەگەر سووریا دابەشی دوو، سێ یان چوار پارچە ببێت، نە کورد، نە عەرەب، نە تورکمان و نە دروز قازانج ناکەن، تاکە براوە ئیسرائیل دەبێت.
ئۆغلو ڕاشکاوانە ئاماژەی بەوە کرد کە ئیسرائیل و هەندێک وڵات هەوڵی دروستکردنی دەوڵەتۆکەی بچووک دەدەن بۆ ئەوەی ناوچەکە پەرتەوازەتر بکەن، ئەو پەیامێکی ئاڕاستەی ئیسرائیلیش کرد و گوتی: ئەگەر ئیسرائیل دەیەوێت لەم ناوچەیە بمێنێتەوە، پێویستە ڕێز لە فەڵەستینییەکان، ڕێز لە وڵاتانی ناوچەکە و ڕێز لە کەرامەتی مرۆڤ بگرن.
