تۆم کروز خەڵاتی ئۆسکاری پێ بەخشرا
تۆم کروز، ئەکتەری بەناوبانگی ئەمەریکی، دوای 40 ساڵ کاری هونەری، بۆ یەکەمجار خەڵاتی ئۆسکاری پێ بەخشرا.
سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، لە ڕێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار لە هۆڵیوود، تۆم کروز، ئەکتەری بەناوبانگی ئەەمریکی دوای چوار دەیە لە کاری سینەما و نواندن، یەکەم خەڵاتی ئۆسکاری بە دەست هێنا.
کروز کە چوار جار کاندید بووە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسکار، لە وتەکەیەکدا جەختی کردەوە، سینەما خۆشەویستی ژیانیەتی و بەرهەمهێنانی فیلم بۆ ئەو پیشە نییە بەڵکو ناسنامەیە.
کروز گوتیشی، سینەما بۆ من جیهانێکی گەورەترە کە خەیاڵی فراوان کردووم و تێیگەیاندم ژیان فراونترە لەو سنوورانەی لە منداڵیدا ناسیومن.
هەروەها باسی لەوەش کرد، سینەما یارمەتیدەرم بووە بۆ تێگەیشتن لە جیاوازییەکان و هەمیشە دەیخاتەوە یادم کە هەموومان لە مرۆڤبووندا هاوبەشین.
گوتیشی: گرنگ نییە لە کوێوە هاتووین، هەموومان لەسەر شانۆ پێدەکەنین، خەیاڵ دەکەین و هیوا دەخوازین کە ئەمەش هێزی هونەری سینەمایەم، بۆیە تا کۆتایی تەمەن بەردەوام دەبم لە خزمەتکردن و هەرچی لە دەستم بێت بۆ پاڵپشتی سینەما و دەنگە نوێیەکان دەیکەم.
دەستەی بەڕێوەبردنی ئەکادیمیای ئۆسکار، لەم بارەیەوە ڕایگەیاند، بەهۆی بەڵێن و پابەندیی سەرسوڕهێنەری کروز بۆ کۆمەڵگەی هونەری و ئەزموونە زۆرەکەی لە سینەمادا ئەم خەڵاتەیان بە کروز بەخشیوە.
تۆم کروزی تەمەن 63 ساڵ، کە لە ساڵی 1981 دەستی بە کاری سینەما کردووە، ئەمڕۆ دوای زیاتر لە 40 ساڵ، لە لایەن دەرهێنەری مەکسیکی ئەلیخاندرۆ ئیمیریتۆ کە خۆی براوی ئۆسکار بووە و ئێستاش لەگەڵ کروز سەرقاڵی کارێکی هونەری تازەن، خەڵاتەکەی پێ بەخشرا.
