ڕووسیا: سێرگی شویگۆ لە هەوڵێکی تیرۆرکردن ڕزگاری بوو
میدیاکانی ڕووسیا ئاشکرایان کرد، پیلانێکی تیرۆرکردن، کە هەینی ڕابردوو لەلایەن دەزگای ئاسایشی فیدراڵی ڕووسیا (FSB) پووچەڵکرایەوە، سێرگی شویگۆی سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیای کردبووە ئامانج.
ڕووسیا هەینی ڕابردوو ڕایگەیاند، هەوڵی تیرۆرکردنی بەرپرسێکی "باڵای" دەوڵەتی پووچەڵ کردووەتەوە، بەڵام ناوی نەهێنا. FSB ڕایگەیاندبوو، "هەوڵێکی تیرۆرکردنی پووچەڵکردووەتەوە کە لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئۆکرانیاوە پلانی بۆ دانرابوو دژی بەرپرسێکی باڵای دەوڵەتی ڕووسیا." ئەم هەوڵە بڕیار بوو لە گۆڕستانی ترۆیکورۆڤسکۆیە لە مۆسکۆ ئەنجام بدرێت.
ڕۆژنامەی 'مۆسکۆڤسکی کۆمسۆمۆلێتز' ڕووسی ڕایگەیاند، "گرووپێک لە تێکدەران" بەنیازی تیرۆرکردنی سێرگی شویگۆ، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا، وەزیری پێشووی بەرگریی و جەنەڕاڵی سوپای ڕووسیا بوون، بە فەرمانی دەزگای هەواڵگری ئۆکرانیا.
بە گوێرەی سەرچاوە ڕووسییەکان، پلانەکە بریتی بوو لە ئەنجامدانی هێرشەکە بە بەکارهێنانی کامێرای ڤیدیۆیی لەناو گۆزەی گوڵدا شاردرابووەوە.
لە بەیاننامەکەیدا، FSB ڕوونی کردەوە، هەواڵگری ئۆکرانیا چوار کەسی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە وەرگرتووە، لەوانەش کۆچبەرێک لە ئاسیای ناوەڕاستەوە.
FSB جەختیشی کردەوە "کیێڤ لەژێر ئاراستەی ڕۆژئاوادا پلانی هێرشی هاوشێوەی لە چەند ناوچەیەکی ڕووسیادا هەیە."
سەرچاوە ڕووسییەکان بە ئاژانسی هەواڵی ناوخۆیی تاسیان ڕاگەیاندووە، ئافرەتێک و پیاوێکی ڕووسی و کۆچبەرێکی وڵاتێکی ئاسیای ناوەڕاست بە تۆمەتی ئامادەکاری ئەم ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییە دەستگیرکراون.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، هەواڵگری ئۆکرانیا پێشنیازی کردووە پارەی دەستبەسەرکراوێک، کە بەشداری لە پلاندانان بۆ تیرۆرکردنی ئەو بەرپرسە ڕووسییە کردووە، بە ماددەی هۆشبەر بدات.
هەروەها دەستبەسەرداگرتنی ئەو ئامێرانەی پەیوەندیکردنیان پشتڕاستکردەوە، نامەنووسی نێوان دەستگیرکراوەکان و کارمەندێکی دەزگای هەواڵگری ئۆکرانیایان تێدایە.
