بەغدا و ئەنقەرە دانووستانەکانیان لەبارەی ڕێککەوتنێکی نوێ بۆ هەناردەی نەوت دەستپێکردەوە
نووسینگەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی حکوومی لە وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، ڕۆژی سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، عێراق و تورکیا لە ئەنقەرە دەربارەی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا کۆبوونەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی حکوومی لە وەزارەتی نەوت ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، شاندەکەی عێراق بە سەرۆکایەتی بەسیم محەممەد خزیر، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنانی نەوت و شاندی تورکیاش بە سەرۆکایەتی بریکاری وەزارەتی وزە و سامانە سروشتییەکان ئەحمەد بەرات چۆنکار، بووە.
لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای نەوتی باکووریش، ئامادەبوون. گفتوگۆیەکی تێرو تەسەل لەسەر ڕەشنووسی ڕێککەوتنە نوێیەکە کرا، هەروەها تاوتویی ڕێگاکانی هاوکاریی هاوبەش لە پڕۆژەکانی وزەی نێوان هەردوو وڵاتدا کرا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هەردوولا دووپاتیان کردووەتەوە کە دانوستانەکە ئەرێنی بووە، لێکگەیشتنی سەرەتایی هەبووە بۆ داڕشتنی ڕێککەوتنێکی نوێ کە هاوبەشی ستراتیژی بەهێزتر دەکات و بەردەوامیی پرۆسەکانی گواستنەوە و بەدیهێنانی بەرژەوەندی هاوبەش مسۆگەر دەکات.
بەگوێرەی فەرمانێکی پێشووی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ڕێککەوتنی بۆری نەوتی خاو لە نێوان تورکیا و عێراقدا کە لە ساڵی 1973 لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، لە ساڵی 1975 کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، ڕێککەوتنەکە لە 27ی تەممووزی 2026ەوە کۆتایی پێدێت.
