مەترسیی پیسبوون و ژەهراویبوونی دەریاچەی دووکان هەیە

ئەمە ڕێڕەوێکی ئاوی بارانە بۆ ناو دەریاچەی دووکان، دەیان تۆن پاشماوەی پێکهاتەی نەوتی ڕەش، یان تێزابی پاتریی ئۆتۆمبێلی تێ فڕێ دراوە؛ لەگەڵ یەکەم بارانی ئەمساڵ، ئەگەری ئەوەی هەیە دەریاچەی دووکان ژەهراوی بکات.

لەگەڵ ئەفسەرێکی پۆلیسی دارستان و ژینگەی شارۆچکەی دوکان، هاتوینەتە ئەو شوێنەی پاشماوەی پێکهاتەکانی نەوت و تێزابی لێ فڕێ دراوە. لە زیاتر لە شوێنێک ئەو کارەساتە بەسەر ژینگەدا هێنراوە ، لەهەر شوێنێکیش فڕێ درابێت باراناو دەیباتەوە ناو دەریاچەکە. 

وەهاب ئەحمەد، ئەفسەر لە پۆلیسی دارستان و ژینگەی دوکان، بە کوردستان24ی گوت: لەگەڵ یەکەم باراندا کارەساتیکی گەورە ڕوو دەدات؛ ئەم پاشماوە ژەهراوییانە دەچنە ناو دەریاچەکەوە و هەرچی زیندەوەری تێدایە، دەیانکوژێت. ئاوی خواردنەوەی نزیکەی چوار ملیۆن کەس ژەهراوی دەکات. 

ئیدارەی شارۆچکەی دوکان ، لە ڕێگەی داپۆشینی بەگڵ، هەوڵی چارەسەرکردنی گرفتەکە دەدات، بەڵام خەستی و پەیتیی ماددە کیمیاییەکە بەجۆرێکە تێکەڵ بە گڵ و خۆڵەکە نابێ و لە شوێنی تر سەر دەردێنێتەوە. بڕیارە پێش ئەوەی باران ببارێت، پاش ئەوەی تێکەڵ بە خۆڵ دەکرێت، لەسەر ئەم ڕێڕەوە لا ببرێت و بۆ شوێنێکی تر بگوێزرێتەوە. هاوکات لێکۆڵینەوەی یاسایی دەستی پێ کردووە و هێزە ئەمنیەکان بەدوای تۆمەتباراندا دەگەڕێن.

مەعروف مەجید، سەرۆکی ڕێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە، دەڵێت: تا ئێستا بە شێوەیەکی زانستی یەکلانەکراوەتەوە ئەم ماددەیە چییە؟ ئایا پاشماوەی نەوتی ڕەشە، یان ماددەی کیمیایی وەک تێزاب و قورقوشمە. هەرچەند بۆنەکەی لە بۆنی پاشماوەی نەوت ناچێت. 
مەسەلەی گواستنەوەی خۆڵەکە پیسبووەکەش نابێ پشتگوێ بخرێت، چونکە دەبێتە پیسبوونی ئەو شوێنەی کە بۆی دەگوێزرێتەوە.

ساڵی ڕابردوو لەکاتی ئاگرگرتنی تانکەرێک، پاشماوەی نەوت تێکەڵ زێیی دوکان بوو و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ئاوەکەی پیس کرد و دابەشکردنی ئاوی لە پرۆژەی ئاوی کۆیە وەستاند.

ئێستاش تێکەڵبوونی ئەو پاشماوە نەوتییە بەو قەبارەیە، بێگومان، گرفتی گەورەتر بۆ ئاوی دەریاچەی دوکان دروست دەکات.

 
Fly Erbil Advertisment