ترەمپ بڕیارێكی دیكە دژی چین دەدات
رێگە بە ئەمەریکییەکان نادرێت وەبەرهێنان لە کۆمپانیا چینییەکان بکەن

K24 - ھەولێر
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەردەوامە لە جەنگی بازرگانی لەگەڵ چین و لە نوێترین هەوڵیشدا، بڕیاردا سەرجەم وەبەرهێنانەکانی ئەمەریکا لە کۆمپانیا چینییەکان قەدەغە بکات.
بە گوێرەی بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا، هاووڵاتیانی وڵاتەكەی ناتوانن وەبەرهێنان لەو کۆمپانیا چینیانە بکەن، کە واشنتن پێی وایە پاڵپشتی چالاکی سەربازی لە بەرژەوەندی پەکین دەکەن.
لە مەرسوومەکەی سەرۆکی ئەمەریکادا روونکراوەتەوە، بڕیاری قەدەغە لە 11 مانگی کانوونی دووەمی سەرەتای ساڵی داهاتووەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، واتە 9 رۆژ بەر لە جێهێشتنی کۆشکی سپی.
یەکەم ئامانجی بڕیارەکەش، کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی ئەمەریکا و سندووقەکانی خانەنشین بۆیان نییە کڕین و فرۆشتن بە 31 کۆمپانیای چینی بکەن، کە پێنتاگۆن ناوەکانی بڵاوکردبووەوە، و رایگەیاندبوو لە لایەن سوپای چینەوە پاڵپشتی دەکرێن.
بەمەش تاوەکو مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2021 لەبەردەم ئەو ئەمەریکییانە کە پشکیان لەو کۆمپانیا چینیانە هەیە، بۆ ئەوەی کۆتایی بە مامەڵەکانیان بهێنن.
واشنتن پێی وایە ئەو کۆمپانیایانە لەلایەن سوپای چینەوە کۆنترۆڵکراون یاخود خاوەنداری دەکرێن، بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی رۆیتەرز بەشێکیان بریتین لە کۆمپانیای گەورەی چینی وەک، چین بۆ پەیوەندییەکان و چاینا مۆبایل و هیك ڤیژن بۆ ئامێری چاودێری.