نیگەرانییەکان لەبارەی یاسای هەڵبژاردن زیاتر بووە
یاسای ھەڵبژاردنەكانی عێراق ڕەخنە و تێبینی زۆری لەسەرە بەوەی دادپەروەری تێدانییە، پسپۆڕان و شارەزایانی یاسای ھەڵبژاردن سەبارەت بە یاساكە دەڵێن، سەرەڕای ئەوەی دادپەروەری تێدا نییە زیان بە لایەنەكان دەگەیەنێت بەتایبەتی ئەو حزبانەی ژمارەی دەنگەكانیان سنووردارە و زەرەرمەندی یەكەمن.
نادادپەروەری لە یاسای ھەڵبژاردنەكانی عێراق، نیگەرانی زۆری دروستكردووە، سەرۆك بارزانی ڕایگەیاندووە "ئەم یاسایە دادپەروەر نییە بەتایبەتی بۆ ھەرێمی كوردستان و مافی لایەنەكان پێشەل دەكات"، لە لایەكی دیكەوە شارەزا و چاودێرانی بواری یاسای ھەڵبژاردن گرفت و ھەڵەكان دیار دەكەن كە لە یاساكەدا ھەن.
د، یاسین ئەبابەکر، شارەزای یاسای ھەڵبژاردن بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، قەوارە هەیە دوو یان سێ کورسی هەیە، بەڵام ڕەنگە لە باشترین حاڵەت دا ئەگەر هەموو دەنگەکانی کۆبکەیەوە یەک کورسی بێنێت، یان کاندیدە سەربەخۆکان ناتوانن کورسی بەدەست بهێنن.
گوتیشی: یەکێک لە نەنگییەکانی یەک بازنەیی لە هەڵبژاردن ئەوەیە بەهای کورسییەکان وەکوو یەک نییە، چونکە هێزی سیاسیی هەیە بە 45 هەزار دەنگ کورسییەکی پەرلەمانی بردووە، بەڵام هێزی دیکە هەیە بە کەمتر لە 15 هەزار دەنگی کورسی بردووە.
هەرچەندە گۆڕانکاری و ھەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن ئاسان نییە، بەڵام پێشنیازێکی تەواو و ئامادەكراوە بۆ ئەوەی سازان بكرێت لەسەر ڕێچكەی گۆڕینی یاساكە.
ئەندامی خولی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق بووە و ئێستاش وەك كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پەرلەمان سەركەوتنی بەدەستھێناوە و لەبارەی یاساكە دەڵێت "زیان بەھەموولایەك دەگەیەنێت بەتایبەتی ئەو حیزبانەی دەنگەكانیان سنووردارە قوربانی سەرەكی یاساكەن".
شێروان دووبەردانی، کاندیدی دەرچووی پارتی گوتی: دەنگی کورد زۆرە بەڵام کورسی کەمە، دەنگی شیعەش کەمە کورسیان زۆرە، ئەمەش نادادپەروەرییە، بۆیە لەو یاسایەی هەیە دەبێت دادپەروەری هەبێت و ئەوەی دەنگی زۆر هێناوە دەبێت کورسی زۆر بێت، بەڵام ئێمە لەکوردستان کورسییەکانمان جێگیرە.
بە گوێرەی یاسای ھەڵبژاردنەكان، عێراق بەسەر 18 بازنەدا دابەشكراوە و ھەرێمی كوردستان 3 بازنەی ھەڵبژاردن 44 كورسی پەرلەمانی بۆ دیاریكراوە، لە ھەرێمی كوردستان بەردەوام ڕێژەی بەشداری بەرزە و لە پارێزگاكانی عێراق ڕێژەی بەشداری كەمترە، ئەمەش وادەكات لە ھەرێمی كوردستان بەھای كورسی بەرزببێتەوە، بۆ نموونە پارتی دیموكراتی كورستان زیاتر لە ملیۆنێك دەنگی ھێناوە. بەڵام كورسییەكانی نەگۆڕن ئەمەش وادەكات دادپەروەری لە یاساكەدا نەبێت.
