مەشعان جبووری: پشتگوێخستنی داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای قەرز کارێکی نادروستە
"سوننـە، چاکەکانی هەرێمی کوردستانیان پشتگوێخست و بەدوای شیعە کەوتن"

K24 - هەولێر
سەرۆکی حیزبی وەتەن و پەرلەمانتاری پێشوو، پشتگوێخستنی داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای قەرز بە رێککەوتنی پەرلەمانتارانی شیعە و سوننـە، بە "کارێکی ناڕاست کە بنەمای هاوبەشی پێشێل دەکات" وەسف دەکات.
لە تویتێکدا مەشعان جبووری، سەرۆکی حیزبی وەتەن و پەرلەمانتاری پێشوو، دوێنێ (هەیینی، 13-11-2020) گوتی "پشتگوێخستنی داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای قەرز و پشتگوێخستنی کشانەوەی نوێنەرانی و داواکارییەکان لەدوای پێکهاتنی پەرلەمانتارانی سوننـە و شیعە، کارێکی دروست نییە و هەڕەشە لە بنەمای تەوافوق دەکات".
لەبارەی هەڵوێستی لایەنە سوننییەکان، مەشعان جبووری، سەرکردەی سوننـە دەڵێ "هەڵوێستی پەرلەمانتارانی سوننـە لەبەرچاونەگرتنی چاکەی هەرێمە بەرامبەر خزم و خەڵکمان لە ئاوارەکان، هەروەها جەختکردنەوەیە لە پاشکۆیی زۆربەیان بۆ دەوڵەتی قوڵ (مەبەستی ئەو لایەنە شیعانەیە کە سەر بە ئێرانن) کە وایانلێکردن بە نووکی چەکەکانیان بگەنە پەرلەمان".
ئەوەی مەشعان جبووری باسی دەکات، هەمان ئەو قسانەن کە سەرکردەکانی کورد لەدوای دوایین کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەیڵێنەوە، ئەویش ئەوەیە "کورد پەراوێز خرا و بنەمای هاوبەشی لە عێراق لە مەترسیدایە".
عێراق و هەرێمی کوردستانیش رووبەڕووی کورتهێنان بوون و، پێویستییان بە قەرزە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران و خەرجیی خزمەتگوزارییەکان دابین بکەن، بۆیە پێشتر و لە مانگی ئابدا حکومەتی هەرێمی کوردستان وعێراق رێککەوتن لەبەرامبەر ناردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق مانگانە 320 ملیار دینار دەنێرێتە هەولێر بۆ ئەوەی بەشێکی مووچەی فەرمانبەرانی پێ دابین بکات.
بەڵام رۆژی چوارشەممەی رابردوو، کە بڕیاربوو کۆبوونەوە لە کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ دەستپێبکات، بەهۆی ناکۆکیی لایەنەکان لەسەر بەشی هەرێمی کوردستان لەو قەرزە، کۆبوونەوەکە تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە نەکرا، لەو کۆبوونەوەیەشدا داواکارییەکانی کورد پەراوێز خران.
بەپێی ئەو ماددانەی لە یاسای قەرزدا هاتوون، کە سەرجەم پەرلەمانتارانی کورد لە هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەدژی وەستانەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بەشێکی ئەو قەرزە وەربگرێت، دەبێت داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان رادەستی بەغدا بکات، بەڵام ئەوان رازی نەبوون و هۆڵی کۆبوونەوەکەیان جێهێشت، پەرلەمانتارانیش بە شیعە و سوننـەوە دەنگیان لەسەر پڕۆژەیاساکە دا.