وردەکاریی دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق و دەنگدان لەدژی کورد

دەقی ئەو پێشنیازەی بەهۆیەوە فراکسیۆنە کوردستانییەکان هۆڵی کۆبوونەوەکەیان جێهێشت

K24 - هەولێر

پەرلەمانی عێراق بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دەنگی لەسەر یاسای کورتهێنانی دارایی دا، بەبێ ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی کورد، بەهۆی ئەو یاسایەشەوە ئیدی بەغدا 320 ملیار دینارەکەی مانگانە نانێرێت، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە بەشێکی مووچەی فەرمانبەرانی پێ دابیندەکرد و پێشتریش هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ری رێككه‌وتبوون.

دانیشتنەکە هەر لە سەرەتاوە ئاڵۆزی تێدابوو و، دوای ماوەیەکی زۆر لە گفتوگۆکردن لە دەرەوەی ئەو دانیشتنە لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیان، پەرلەمانتارانی شیعە، سووننە و کوردیش چوونە هۆڵی کۆبوونەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا زۆربەی پەرلەمانتاران، لەنێویشیاندا پەرلەمانتارانی کورد بەشدار بوون، ئەمەش دوای ئەوەی رێککەوتنێک کرابوو، کە دەنگ لەسەر ئەو خاڵە نادرێت، کە پەرلەمانتارانی کورد دژی بوون، بەڵام پەرلەمان دەنگی لەسەر ماددەکە دا، بەهۆیەوە شەڕە قسە لەنێوان پەرلەمانتارانی کورد و پەرلەمانتارانی دیکە دروست بوو و پەرلەمانتارانی کورد هۆڵی کۆبوونەوەکەیان جێهیشت.
دەقی ئەو ماددەیەی کورد بەهۆیەوە بایکۆتی کرد

لیژنەی دارایی پێشنیازی ئەو ماددەیەی کردووە، کە لە دژی بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانە و بەهۆیەوە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە کۆبوونەوەکە هاتنە دەرەوە.
دەقی پێشنیازی ماددەکە:

پشکی هەرێمی کوردستان لە کۆی خەرجیی فیعلی (خەرجییە بەردەوامەکان و خەرجیی پرۆژە سەرمایەگوزارییەکان) دیاریدەکرێت دوای دوورخستنەوەی خەرجییە سیادییەکانی سنووردار بە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی کۆماریی عێراق بۆ ساڵی 2019، بەمەرجێک حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند بکرێت بە رادەستکردنی پارەی نەوتی هەناردەکراو لە هەرێمی کوردستانەوە، کە تەنیا کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دیاری دەکات، هەروەها (رادەستکردنی) داهاتە نانەوتییەکانی فیدراڵی، لە حاڵەتی پابەندنەبوونی هەرێم، نابێت خەرجییەکە بدرێتە هەرێم، ئەوەی سەرپێچی لەو ماددەیە بکات، بەرپرسیارییەتی یاسایی هەڵدەگرێت.

بەپێی ئەو پرۆژەیاسایە، کە لەدوای پەسەندکردنی لە کاتژمێر 05:40ـی بەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 12-11-2020) لە پەرلەمانەوە، ئیدی بووە یاسا؛ بۆ ئەو سێ مانگەی کۆتایی ئەمساڵ، حکومەتی عێراق دەتوانێت 12 تریلیۆن دینار لە ناوخۆی عێراق قەرز بکات، بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی.

ئەمە دووەمجارە پەرلەمان رەزامەندی دەداتە حکومەت بۆ ئەوەی قەرز بکات، لە کۆبوونەوەی 24ـی حوزەیرانی ئەمساڵیشدا پەرلەمانی عێراق رەزامەندی دا حکومەت 15 تریلیۆن دینار لە ناوەوە و 5 ملیار دۆلار لە دەرەوە قەرز بکات بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان، بەگوتەی بەرپرسانیش ئەو پارەیە لەماوەی ئەو چەند مانگەدا خەرج کراوە.

پەسەندکردنی ئەو یاسایە پێویستە بۆ حکومەتی عێراق، لەبەرئەوەی تاوەکو ئێستا حکومەت پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2020ـی پەسەند نەکردووە، ئەمەش بەهۆی ئەو قەیرانانەی رووبەڕووی بوونەتەوە هەر لە خۆپیشاندانەکانەوە لە دژی حکومەت، تاوەکو پەتای کۆرۆنا و کەمبوونەوەی داهاتەکانی بۆ نزیکەی نیوەی داهاتی ئاسایی ساڵانەی.

بەگوتەی بەرپرسانی عێراق؛ پێش بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا داهاتی مانگانەی عێراق نزیکەی 6 ملیار دۆلار بووە، بەڵام ئەو داهاتە بۆ نزیکەی نیوەی دابەزیوە لەماوەی ئەم ساڵدا.