بارۆ: کاتی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقە
جان نۆیێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەڵێت: پشتیوانی زوو پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق دەکەین و دەمانەوێت پەلە بکرێت لەو هەنگاوەکان، چونکە بۆ گەشەکردنی ئابووریی عێراق گرنگە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی تشرینی دووەمی 2025، جان نۆیێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لە لێدوانێکدا بۆ بارزان حەسەن پەیامنێری کوردستان24 لە بەلجیکا ڕایگەیاند، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تەواو بوو، ئێستا پێویستە ئامادەکاری بکرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، گوتیشی: فەرەنسا وەکو هەمیشە پشتیوانی هەوڵەکان دەکات بۆ زوو پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق.
گوتیشی، هیوادارین دوای پێکهێنانی حکوومەت، کۆنفرانسی بەغدا ئەنجام بدرێت، ئەم کۆنفرانسە گرنگە، چونکە سەرەتایەکە بۆ کارکردنمان لەگەڵ بەرپرسانی نوێی عێراق، هەروەها لە ڕووی ئابوورییەوە گرنگی زۆری هەیە بۆ ئەو وڵاتە.
ڕۆژی سێشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی گشتی و ڕۆژی یەکشەممەش، 09ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی تایبەتی خولی شەشەمی پەرلەمان، لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت، 82.42% و لە دەنگدانی گشتیش، نزیکەی 54.35% بوو.
ڕۆژی چوارشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2025، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجامە بەراییەکانی هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتی بڵاوکردەوە. لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، وەک حزب، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە، بەوپێیەی زیاتر لە یەک ملیۆن و 100 هەزار دەنگی بردووەتەوە و 26 کورسی پەرلەمانی مسۆگەر کردووە.
