پزیشکیان: جگە لە گواستنەوەی پایتەخت، چارەیەکی دیکەمان نییە

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، ڕایگەیاند، جگە لە گواستنەوەی پایتەخت هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نییە، ناتوانین چیتر ژمارەی دانیشتووان و بیناسازی لەم ناوچەیەدا زیاد بکەین، دەتوانین گەشەی پێ بدەین، بەڵام ناتوانین کێشەی کەمئاوی چارە بکەین.

پێنجشەممە، 20ـی تشرینی دووەم، 2025، ئاژانسی هەواڵی 'تەسنیم' بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ مەسعود پزیشکیان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ چالاکوانانی کۆمەڵایەتی لە دیوانی پارێزگای قەزوین، ڕایگەیاند "دەبێ بنەمایەکی زانستیمان بۆ خزمەتکردنی خەڵک لەبەردەستدا هەبێت."

سەرۆک کۆماری ئێران، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: هەڵسوکەوتی نالەباری خەڵک کە ئەمڕۆ لەسەر شەقامەکاندا دەیانبینین، بەرهەمی ئەو پەروەردە خراپەیە کە لە باخچەی منداڵان و قوتابخانە و زانکۆکاندا پەیڕەو دەکرێن. دەبێ لە بنەڕەتەوە، واتە لە باخچەی منداڵانەوە پێداچوونەوە بە سیستەمی پەروەردەدا بکەین.

پزیشکیان، هەروا گوتی: ڕاستگۆیی بەرانبەر خەڵک بنەمای سەرەکیی حوکمڕانییە و هەر کەسێک ئەم ڕاستییە پشتگوێ بخات، زوڵم لە کۆمەڵگە دەکات. 

سەرۆک کۆماری ئێران، جەختی لەوە کردەوە "کاتێک گوتمان دەبێت پایتەخت بگوێزینەوە، هەرچەند ئەو کاتە بودجەی پێویستیشمان بۆ ئەو هەنگاوە لەبەردەستدا نەبوو، واتە ئەگەر بودجەکەمان هەبووایە، دەکرا ئەوە بکرێت. بەڵام ئەو کاتەش کەسانێک هەبوون دەیانگوت، ئەو کارە هەرگیز سەرناگرێت!

پزیشکیان، گوتیشی: ڕاستییەکە ئەمەیە کە ئێمە چیتر بژاردەیەکی دیکەمان جگە لە گواستنەوەی پایتەخت، لەبەردەستدا نییە. ناتوانین لەوە زیاتر ژمارەی دانیشتووان و بیناسازی لەم ناوچەیەدا زیاد بکەین، دەتوانین گەشەی پێ بدەین، بەڵام ئیتر ناتوانین کێشەی کەمئاوی چارە بکەین.

سەرۆک کۆماری ئێران، لە  کۆتایی قسەکانیدا گوتی: تێچووی گواستنەوەی یەک مەتر سێجا ئاو لە کەنداوەوە بۆ تاران، نزیکەی 500 هەزار تومەنە؛ ئایا دەکرێت ئەو پارە زۆرە بۆ گواستنەوەی تەنیا یەک مەتر سێجا ئاو خەرج بکەین؟ ئەمە چۆن بیرکردنەوەیەکە؟ کەواتە دەبێت نەخشەیەکی زانستی و گشتگیری یەکجارەکی بۆ داهاتووی وڵاتەکەمان دابڕێژین.

 
Fly Erbil Advertisment