نەواف سەلام: لوبنان بۆ دانوستان لە گەڵ ئیسرائیل ئامادەیە
نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی لوبنان، ڕایگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا گفتوگۆمان کردووە بۆ ئەوەی ئیسرائیل ڕازی بکەین بۆ دانوستان، پێشتر داوامان لە ئیسرائیل کردووە، بەڵام وەڵامیان نەداوەتەوە و هیچ وادەیەکیان بۆ گفتوگۆکردن دیاری نەکردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی تشرینی دووەمی 2025، نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی لوبنان، بە ئاژانسی "بلۆمبێرگ"ی، ڕاگەیاندووە، لوبنان ئامادەیە بۆ دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل، هەروەها پێشنیاری پێشووی لوبنان بۆ دانوستان لە بارەی سنووری وشکانی و ئەو ناوچانەی کە هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدان، دووپاتدەکەینەوە.
سەلام، جەختی لەوە کردەوە، پلانی داماڵینی چەک لە باشووری لوبنان وەک ئەوەی پلانی بۆ دانراوە بەرەوپێش دەچێت، سوپای لوبنانیش سەربازی زیاتر لە سنوورەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل بڵاو دەکاتەوە، بەڵام ئیسرائیل بە ڕێککەوتنی ئاگربەستەوە پابەند نییە و بەردەوامە لە پاراستنی پێنج پێگەی سنووری کە هیچ بەهایەکی ئەمنی و سەربازییان نییە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سوپا کۆنترۆڵی ڕێگە قاچاخەکانی توندترکردووە، بەتایبەتی لەسەر سنووری سووریا، هاوکات حکوومەتی لوبنان، لەگەڵ فەرەنسا و سعوودیە کاردەکات، بۆ بانگهێشتکردنی کۆنفرانسی خێرخوازان، بۆ ئەوەی پاڵپشتی ئاوەدانکردنەوەی لوبنان و بوژانەوەی ئابووری وڵاتەکەمان بکەن، بۆیە لوبنان نایەوێت ئەم دەرفەتە لەدەست بدات کە گۆڕانکاریی گەورە لە ناوچەکە دروست دەکات.
ئاڵۆزییەکان لە سنووری باشووری لوبنان بەردەوامە. سەرەڕای بوونی ئاگربەستێک کە لە 27ـی تشرینی دووەمی 2024وە لە نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیلدا کاری پێدەکرێت، سوپای ئیسرائیل ناوبەناو هێرشی ئاسمانی ئەنجام دەدات و ئەندامانی حزبوڵڵا لە باشووری لوبنان دەکاتە ئامانج، بە بیانووی لابردنی هەڕەشەکان لە سەر وڵاتەکەی.
