ژمارەی نوێی گۆڤاری ڕەوەند لە دیاسپۆرا بڵاوبووەوە و گۆڤارەکە ساڵێکی تەمەنی بەڕێکرد

ژمارە چواری گۆڤاری ڕەوەند
ژمارە چواری گۆڤاری ڕەوەند

لەگەڵ دەرچوونی چوارەمین ژمارەیدا، گۆڤاری (ڕەوەند) ساڵێک لە تەمەنی پڕبەرهەمی خۆی لە بواری ڕۆژنامەگەریی کوردی لە تاراوگە (دیاسپۆرا) تەواو کرد، ئەم گۆڤارە کە لەلایەن کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانیـیەوە دەردەچێت، بووەتە سەکۆیەکی هاوبەش کە نووسەران، ڕۆژنامەنووسان و تەکنیکارانی ناوخۆی کوردستان و دەرەوەی وڵات تێیدا کۆدەبنەوە.

پەیامێک دوور لە جیاوازی
هەرمن ئەحمەد، سەرنووسەری گۆڤاری (ڕەوەند)، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، ئاماژەی بەوە کرد کە ناسنامەی گۆڤارەکە لەسەر بنەمای خزمەتکردن و بەسەرکردنەوەی کوردستانییانی دەرەوەی وڵات دامەزراوە.
ناوبراو ڕایگەیاند: ئەم پڕۆژەیە بەبێ هیچ جیاوازییەک لە بیروبۆچوون، ئایدۆلۆژیا، ئاراستەی سیاسی، ئایین، ئایینزا و نەتەوە، کار بۆ خزمەتکردنی تاراوگەنیشینان دەکات.

چوار وەرز و وێستگەی هەڵسەنگاندن
سەرنووسەری گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەش دا، بەو پێیەی (ڕەوەند) گۆڤارێکی وەرزانەیە، بە دەرچوونی ژمارە چوار، سووڕی ساڵێکی تەواو کردووە، ئەمەش بە دەرفەتێکی گونجاو دەزانێت بۆ ئەوەی لەلایەن ستاف، نووسەران و خوێنەرانەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.
هەرمن ئەحمەد گوتی: ئێستا کاتی ئەوە هاتووە، چ ئێمەی ستاف و ئەو خوشک و برا ڕۆشنبیر و نووسەرانەی بە بابەتەکانیان دەوڵەمەندیان کردووە، چ خوێنەرانی ئازیزمان، بە چاوخشاندنێک بە هەر چوار ژمارەی چوار وەرزەکەدا، ئەم پڕۆژە ڕۆژنامەوانییە هەڵسەنگێنن.

میکانیزمی بڵاوکردنەوە
سەبارەت بە چاپ و دابەشکردنی گۆڤارەکە، ژمارەی نوێی (ڕەوەند) بە تیراژی (1000) دانە چاپ کراوە، پرۆسەی دابەشکردنەکەشی بە جۆرێکە کە لە تاراوگە بەسەر سێ لقی سەرەکیی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانیدا دابەش دەکرێت، هاوکات لە ناوخۆی کوردستانیشدا لە ڕێگەی بارەگای بارزانیـیەوە دەگەیەنرێتە چەندین ناوەندی ڕۆشنبیری و شوێنی دیاریکراو.

هەرمن ئەحمەد ئاشکرای کرد، نەخشەسازیی گۆڤاری( ڕەوەند) لەلایەن تەکنیکارانی دامەزراوەی کوردستان کرۆنیکەلەوە دەکرێت.

لەو لینکە دا، ژمارە چواری گۆڤاری(ڕەوەند) بخوێنەوە..

 

هەرمن ئەحمەد، سەرنووسەری گۆڤاری ڕەوەند

 

 

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment