حکوومەتی هەرێم و یەکێتیی ئەورووپا هەماهەنگییەکانیان بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان چڕ دەکەنەوە
بە مەبەستی خستنەڕووی دواین هەنگاوەکانی حکوwمەتی هەرێمی کوردستان لە بواری مافەکانی مرۆڤ و چەسپاندنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، کۆبوونەوەیەک لە نێوان ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و نوێنەرانی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا لە هەولێر بەڕێوەچوو.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە لە نووسینگەی یەکێتیی ئەورووپا و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وڵاتانی فەرەنسا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا و هەنگاریا ئەنجام درا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر پلانی حکوومەت بۆ مافەکانی مرۆڤ و نوێترین ئامار و داتاکانی پەیوەست بە جێبەجێکردنی پلانەکەی خستەڕوو، هاوکات داوای کرد یەکێتیی ئەورووپا بە شێوەیەکی سیستماتیک هاوکاری حکوومەتی هەرێم بێت بۆ باشتر چەسپاندنی ئەو ڕاسپاردانە.
لای خۆیانەوە نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە، دووپاتیان کردەوە کە بەهۆی ئەو پێشکەوتن و دەستکەوتانەی هەرێمی کوردستان لە ڕابردوودا لە بواری بنیاتنانی دامەزراوەکان و پاراستنی مافی مرۆڤ بەدەستی هێناون، هەرێمەکە بووەتە نموونەیەکی باش لە ناوچەکەدا، هەر بۆیە چاوەڕوانییەکانیان لە حکوموەتی هەرێم لە ئاستێکی بەرزدایە، لەو چوارچێوەیەشدا گفتوگۆ لەسەر ئەو ڕێکارە فەرمییانە کرا کە بۆ جێبەجێکردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان گیرانەتە بەر، بەتایبەت لە بوارەکانی نەهێشتنی بازرگانی بە مرۆڤ، مافی کەمئەندامان، نەهێشتنی گوتاری رق، بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، چاکسازییەکان، ئازادیی ڕادەربڕین و قەدەغەکردنی ئەشکەنجە.
هەر لەم کۆبوونەوەیەدا، جەخت لەوە کرایەوە، پێویستە یەکێتیی ئەورووپا لە ڕێگەی بنیاتنانی تواناکانـەوە هاوکارییەکانی بۆ حکوومەتی هەرێم زیاد بکات، هەروەها بڕیار درا بۆ ئاگاداربوونی وردتر لە چالاکییەکان و هەڵسەنگاندنی ئەنجامەکان، کۆبوونەوەی وەرزی و هەماهەنگیی بەردەوام لە نێوان هەردوولادا هەبێت.
