ڕامی نووری سیاوەش: دەستکاریکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن قبووڵکراو نییە
ڕامی نووری سیاوەش، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان 24، هەڵوێستی توندی خۆی لەبارەی دەنگۆی دەستکاریکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان ڕاگەیاند و جەختی کردەوە، کە هەرجۆرە دەستوەردانێک لە ئەنجامەکان ڕەت دەکەنەوە.
ئەو پەرلەمانتارە داوا لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات، ئەنجامەکان وەک خۆی و بەبێ دەستکاری پەسەند بکات و ڕێز لە ئیرادە و دەنگی پێکهاتەکان بگرێت.
ڕامی نووری ئاماژەی بەوەش دا، بەپێی راپۆرت و شاهێدیی رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، پرۆسەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد بەڕێوە چووە و هەموو لایەن و پێکهاتەکان قەبارەی ڕاستەقینەی خۆیان زانیوە، ناوبراو هۆشداریش دەدات لەوەی، پێویستە دادگای فیدراڵی ئەنجامەکان وەک ئەوەی لەلایەن کۆمیسیۆنەوە ڕاگەیەنراوە پەسەند بکات، چونکە هەر دەستکارییەک دەبێتە پێشینەیەکی مەترسیدار و وەک نەریتێکی خراپی لێ دێت.
ئەم لێدوانە هاوکاتە لەگەڵ هەڵوێستی مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندبوو: بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ناکەین یاری بە ئەنجامی دەنگ و کورسیی پێکهاتەکان بکرێت.
لە هەمان چوارچێوەدا، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا هۆشداریی توندی داوە و ڕایگەیاندووە: دەستوەردان و گۆڕینی ئاکامەکانی هەڵبژاردن بە گشتی و کورسیی کۆتاکان بەتایبەتی، لای ئێمە هێڵی سوورە و قبووڵکراو نییە.
