هاوار محەممەد: هەندێک لایەنی عێراقی هەوڵی گۆڕینی نەخشەی سیاسی دەدەن
چەند لایەنێک لە بەغدا هەوڵی دەستکاری ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و کورسییە بەدەستهاتووەکانی کۆتای پێکهاتەکان دەدەن، شارەزایەکی هەڵبژاردنیش دەڵێت، هەندێک لایەنی عێراقی لە هەوڵی ئەوەدان نەخشەی سیاسی بگۆڕن ئەگەر بە نایاساییش بێت.
هاوار محەممەد، شارەزای هەڵبژاردنەکان بە کوردستان 24ـی گوت: ئەو لایەنانەی خۆیان بە شکستخواردوو دەزانن بە تایبەت ئەوانەی نەیانتوانیوە کورسی کۆتاکان ببەنەوە، هەوڵی جددی دەدەن تا بە هەر ڕێگەیەکی بێت گۆڕانکاری لەو نەخشە سیاسییە بکەن کە لە عێراق دروست بووە، بەتایبەت لە چوارچێوەی کورسی کۆتای پێکهاتەکان.
گوتیشی: بەپێی عورفێکی یاسایی لە عێراق بۆ دابەشکاری وەزارەتەکان، هەر لایەنێک سێ کورسی بە دەست بهێنێنێت بەتایبەت لە پێکهاتەکان، دەتوانێت وەزارەتێک بۆ خۆی دەستەبەر بکات، ئەمە بووەتە کێشە، بەتایبەت بۆ ئەو لایەنانەی پێشتر کورسی کۆتایان بە ناحەق بە دەست هێناوە.
هاوار محەممەد ئاماژەشی دا، ئەو لایەنانەی ئێستا کورسی کۆتای پێکهاتەکانیان دۆڕاندووە و ڕێژەی ئەو کورسییانەی بە دەستیشیان هێناوە هێندە نییە بتوانن وەزارەتێک مسۆگەر بکەن، زۆر نیگەرانن لە ئەنجامەکان و هەوڵی ئەوە دەدەن بە نایاساییش بێت لە ڕێگەی کورسی کۆتاکان، کورسییەک بۆ خۆیان ببەن.
دەشڵێت: بەردەوام لە عێراق سیناریۆ و ئەگەری لە ناکاو و خێرا لە ئارادایە، وەک چۆن لە هەڵبژاردنی 2021دا سیناریۆیەک دروستکراو تەنانەت بە مەرسومی کۆماری ماوەی تانەدانیش درێژ کرایەوە و لە ئەنجامدا دوو کورسی پارتی دیموکراتی کوردستان زەوت کرا، ئێستاش هەمان ئەگەر هەیە و چەند لایەنێک هەوڵدەدەن بۆ گۆڕینی ئەنجامەکان تەنانەت ئەگەر بە ڕێگەی نایاساییش بێت.
هەروەها باسی لەوەش کرد، پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی باڵا دژی هەوڵی دەستکاری کورسی کۆتاکان هاتووەتە دەنگ و مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی و مەکتەبی سیاسی پارتی، بە جیا ئیدانەی ئەو هەوڵانەیان کردووە و ڕایانگەیاندووە بە هیچ شێوەیەک قەبووڵی ناکەن.
