ترەمپ بەڵێنی دا پاڵپشتی لە چەکداماڵینی حەماس بکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، گوتی: بەڵێن دەدەم پاڵپشتی لە چەکداماڵینی بزووتنەوەی حەماس بکەم.

دوای دیدار لەگەڵ زەهران مەمدانی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی شارەوانی نیویۆرک، لە ئۆفیسی ئۆڤاڵەوە گوتی: ئێمە پشتیوانیی لە چەکداماڵینی تەواوەتی بزووتنەوەی حەماسەوە دەکەین.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاندبوو؛ ئیسرائیل خۆی چەک لە حەماس دادەماڵێت ئەگەر هێزە نێودەوڵەتییەکان نەتوانن ئەو کارە بکەن.

ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەدا، "ماوەیەکی کاتی" هەیە بۆ چەکداماڵینی حەماس و غەززە، بەڵام ڕوونی کردەوە، ئەو کاتە ئاشکرای ناکات.

ئەم لێدوانانە، تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای پەسەندکردنی بڕیارنامەیەکی ئەمەریکا لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هات سەبارەت بە غەززە و دامەزراندنی هێزێکی نێودەوڵەتی.

پلانی ئاشتیی ترەمپ مەرجی پێکهێنانی ئیدارەیەکی مەدەنی بۆ غەززە دانابوو، لە کەسایەتییە سەربەخۆکانی فەلەستینی پێکبهاتایە و جیا لە کۆنترۆڵی حەماس بێت.

هەروەها جێگیرکردنی هێزێکی سەقامگیریی فرەنەتەوەیی لەخۆگرتبوو بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارییەتیی ئەمنیی، بە بەشداریی وڵاتانی وەک میسر و ئەگەری قەتەر و هەروەها ئەندەنوسیا و ئازەربایجان و تورکیا. بەڵام ئیسرائیل بەشداریی هێزەکانی تورکیای ڕەت کردەوە.

لە قۆناغی دووەمی پلانەکەدا بڕیاری کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لەو ناوچانە دانرابوو کە تا ئێستاش لە کەرتی غەززە داگیری کردووە، بەڵام خشتەیەکی کاتی دیاری نەکردبوو، هەروەها چەکداماڵینی حەماس و لایەنە چەکدارەکانی دیکەی تێدا نەبووە.

بەڵام هێشتا پرسی چەکداماڵین یەکلا نەکراوەتەوە، بەتایبەتی حەماس پێداگری لەسەر ئەوە کردووە، ئەم بابەتە لە ڕێگەی کۆدەنگیی نیشتمانی ناوخۆیی فەڵەستینەوە چارەسەر دەکرێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment