14 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی دانیێل میتران تێدەپەڕێت
"یەکەم ئەورووپی بوو فرمێسک بۆ کورد بڕێژێت"
14 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی دانیێل میتران، دۆستە نزیکەکەی سەرۆک بارزانی و گەلی کوردستان تێدەپەڕێت. بە گوتەی سەرۆک بارزانی، ئەو خاتوونە فەرەنسییە "مافێکی زۆری لەسەر خەڵکی کوردستان هەیە و هەرچی لەدەستی هاتووە، بۆ گەلی کورد کردوویەتی."
دانیێل میتران، هاوسەری فرانسوا میتران، کە لە نێوان ساڵانی 1981–1995، سەرۆکی فەرەنسا بوو؛ لە ساڵی 1924 لە ڤێردونی ڕۆژهەڵاتیی فەرەنسا لە دایک بووە و لە ساڵی 2011 کۆچی دوایی کردووە.
مادام میتران وەک چالاکوانێکی مافەکانی مرۆڤ ناسرابوو و ڕۆڵێکی گرنگی لە سەرکەوتنی دۆزی کورددا گێڕا. ئەو، یەکێکە لە کەسایەتییە نێودەوڵەتییە هەرە دیارەکان کە دۆستایەتییەکی قووڵی لەگەڵ گەلی کورددا هەبووە.
لە ساڵی 1991، دوای ئاوارەبوونی سەدان هەزار کورد بۆسەر سنوورەکان بەهۆی هێرشەکانی ڕژێمی بەعسەوە؛ دانیێل میتران لە پاریسیەوە خۆی گەیاندە سنووری نێوان باشوور و باکووری کوردستان، لەوێ چاوی بە سەرۆك بارزانی و ئاوارە كوردەكان كەوت و لە نزیکەوە دۆخی سەختی هاووڵاتییانی کوردی بینی. لەوێ گوتی: "هەوڵمان داوە دەنگی كورد بگاتە جیهان".
ڕۆژی سێشەممە 12ی تشرینی دووەمی 2024، سەرۆک بارزانی لە کاتی بەشداری لە رێوڕەسمی یادی 100 ساڵەی لەدایکبوونی دانیێل مێتران لە هەولێر، لە گوتارێکدا ڕایگەیاند "ئەو خاتوونە، مافێکی زۆری لەسەر ئێمەی خەڵکی کوردستان هەیە، ڕۆڵێکی زۆر گەورەی بینی لە بەرگریکردن لە دۆزی گەلی کورد، دانیێل میتران یهكهم كهسی ئهوروپی بوو فرمێسكی بۆ كورد ڕشت، فرمێسكهكانی بۆ گهلی كوردستان ههرگیز له یاد ناچێ، تهمهن ڕێگای دابا دانیێل میتران زۆرتری بۆ گهلی كوردستان دهكرد، شانازی دهكهم له واشنتن خهڵاتی ئاشتیم به پێشكهش دانیێل میتران كرد."
لە میانی گوتارەکەیدا، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەش دا "بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاسایشیش فەرەنسا و سەرۆك میتران ڕۆڵێكی گەورەیان تێدا گێڕا، لە ئاداری 1992 پێم گوت ئێمە بەرەو هەڵبژاردن دەچین، گوتم چ پەیامێكی تۆ بگەینم، وتی بە خەڵكی كوردستان بڵێ، دۆستێكی بەوەفاتان هەیە لە ئەلێزێ."
ڕۆڵی سەرەکی لە دامەزراندنی هەرێمی ئارام (No-Fly Zone)
گرنگترین ڕۆڵی مادام میتران دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991. لەو کاتەدا، دوای ئاوارەبوونی سەدان هەزار کورد بۆسەر سنوورەکان، ئەو توانی کاریگەری گەورە لەسەر هاوسەرەکەی، فرانسوا میتران، هەبێت تا پشتیوانی لە پرۆژەی دروستکردنی ناوچەی دژەفڕین (هەرێمی ئارام) لە باکووری عێراق بکات.
ئەم هەوڵانەی مادام میتران، لەگەڵ فشارەکانی سەرکردایەتیی کورد، بەتایبەتی سەرۆک بارزانی، ڕۆڵی هەبوو لە دەرکردنی بڕیاری ژمارە 688ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەم بڕیارە بناغەیەکی یاسایی دروستکرد بۆ پاراستنی کورد و ڕێگەی خۆشکرد بۆ دامەزراندنی کیانی هەرێمی کوردستان.
پەیوەندی لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی کورد
مادام میتران پەیوەندییەکی تایبەت و ڕاستەوخۆی لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی سیاسیی کورد هەبوو. ئەو بە بەردەوامی پشتگیری خۆی بۆ داخوازییەکانی گەلی کورد دووپات دەکردەوە و وەک پردێک کاری دەکرد بۆ گەیاندنی دەنگی کورد بە بڕیاردەرانی ئەورووپا.
چەندین جار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ بارودۆخی کورد دەکرد و بەو هۆیەوە نازناوی "دایکی کورد"ی لێنرا. هەروەها، لە ڕێگەی دامەزراوەکەیەوە (فرانس لیبرتی) هاوکاری مرۆیی و پڕۆژەی پەرەپێدانی بۆ کورد دابین دەکرد.
گوتاری میتران لە پەرلەمانی کوردستان
میتران، لە ساڵی 2009 سەردانی هەرێمی كوردستانی کرد و لە پەرلەمان گوتارێكی پێشكەش کرد و گوتی: "زۆر خۆشحاڵ و بەختەوەرم، لە کوردستان هەست دەکەم کە لە وڵاتی خۆمم، ئێمە یەک خانەوادەین. هەمەڕەنگیییەکەی پەرلەمان نیشانەی دەوڵەمەندییە و جێگەی شانازیی و سەر بڵندییە بۆ پەرلەمانەکەتان. هەروەها هەبوونی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی نیشانەی بوونی دیموکراسییەکی پێگەیشتوو و تەندروستە. "
گرنگی و میراتی بۆ هەرێمی کوردستان
ڕۆڵی دانیێل میتران لە مێژووی نوێی کورددا بە یەکلاکەرەوە دادەنرێت. هەوڵەکانی نەک تەنیا کوردی لە جینۆسایدی زیاتر پاراست، بەڵکو یارمەتیدەر بوو لە بنیاتنانی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان. وەک ڕێزێک بۆ ئەو خزمەت و داکۆکیکردنە، گەلی کورد و سەرۆک مەسعود بارزانی هەمیشە بە ڕێزێکی زۆرەوە باس لە ناوی دەکەن و چەندین شەقام و شوێنی گشتی لە کوردستان بە ناوی ئەو ناونراون.
