خەمیس خەنجەر داوای کۆبوونەوەی هێزە براوەکان دەکات
سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە لە پێناو گرنگی یەکڕیزی و هەوڵدانی هەمووان بۆ هەڵوێستێکی گشتگیر بانگهێشتی هەموو هێزە براوەکان دەکات کۆببنەوە؛ هاوکات ئەندامێکی هاوپەیمانەکە لەو بارەوە دەڵێت: کۆبوونەوەکە تەنیا بۆ هێزە سوننەکانە.
خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) داوای کۆبوونەوەیەکی هێزە براوەکان دەکات و نووسیویەتی: لەپێناو گرنگی یەکڕیزی و هەوڵدانی هەمووان بۆ هەڵوێستێکی گشتگیر، بانگهێشتی هەموو برایان و سەرکردەی هاوپەیمانی و حزبە براوەکان دەکەین، سبەی لەپێناو تاوتوێکردنی شایستەکانی قۆناغی داهاتوو کۆببینەوە.
لە پەیامەکەی خەمیس خەنجەر هاتووە، سوننەکان داوای دەوڵەتێکی دادپەروەرانە و باشترکردنی ژیانیان دەکات.
لەو بارەوە سەیف عەزاوی، ئەندامی هاوپەیمانی سیادە بە کوردستان 24ی ڕاگەیاند: کۆبوونەوەکە تەنیا بۆ هێزە سوننەکانە و گفتوگۆ لەبارەی بەرکەوتەکانی سوننە لە حکوومەت و پرۆسەی سیاسی دەکرێت.
هەروەها عەزاوی دەشڵێت: پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننەیە و تا ئێستا هیچ لایەنێک بەفەرمی کەس کاندید نەکراوە، بەڵام ئێمە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی سوننەین، بە کۆدەنگی لەناو هێزەکان کەسێک کاندید دەکرێت، ڤیتۆمان لەسەر کەس نییە، بەڵام پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی بنەماکانی هاوسەنگی و هاوبەشی و سازان دەکەین، کە پارتی دیموکراتی کوردستان داوای دەکات.
