پزیشکیان بڕیاری لابردنی 4 سفری سەر دراوی نیشتمانیی وڵاتەکەی دەرکرد
سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران، یاسای لابردنی چوار سفری لە پارەی نیشتمانیی وڵاتەکەی واژۆ کرد و خستییە واری جێبەجێکردنەوە.
شەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە مەرسوومێکی کۆماری فەرمانی بە بانکی ناوەندی وڵاتەکەی کرد، هەمواری یاسای بانکی ناوەندیی جێبەجێ بکات، کە ناوەرۆکەکەی تایبەتە بە لابردنی چوار سفر لەسەر دراوی نیشتمانی (ڕیاڵ).
بە پێی یاساکە یەکەی فەرمیی پارەی نیشتمانیی ئێران دەبێتە ڕیاڵ و یەکەی بچووکتریشی دەبێتە قڕان، کە 100 قڕان بەرانبەرە بە یەک ڕیاڵ و ناوی تومەن لەسەر پارەی نیشتمانیی ئێران نامێنێت.
لە مەرسوومە کۆمارییەکەدا ئەوەش هاتووە، کە دەبێت بانکی ناوەندیی بە پێی ماددەی 123ـی دەستووری وڵاتەکە، لە نزیکترین کاتدا گۆڕانکارییەکان جێبەجێ بکات و نرخی ئاڵوگۆڕ لە چوارچێوەی سیستەمی دراوی باودا ڕێک بخات.
