ئەورووپا و بەریتانیا لە پلانی ئاشتی ئۆکرانیا نیگەرانن و لەگەڵ ئەمەریکا کۆدەبنەوە

ژمارەیەک سەرکردەی وڵاتانی ئەورووپا، دوای کۆبوونەوەیان لە جۆهانسبێرگ، ڕایانگەیاندووە، ڕەشنووسی پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ لە بارەی ڕاگرتنی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا کە 28 خاڵی لەخۆگرتووە، دەبێت پێداچوونەوەی وردی بۆ بکرێت، چونکە ڕێگە بە گۆڕانکاری لە سنووری ئۆکرانیا نادەین؛ هاوکات بڕیارە سبەی یەکشەممە لەو بارەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا کۆببنەوە.

شەممە 22ی تشرینی دووەمی 2025، ژمارەیەک لە سەرکردەی وڵاتانی ئەورووپا و بەریتانیا، لە جۆهانسبێرگ، کۆبوونەوەیەکی هاوبەشیان لە بارەی ڕەشنووسی پلانکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا ئەنجامدا.

دوای کۆبوونەوەکەیان، هەر یەکە لە ئیمانوێڵ ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، فرێدریک مێرز ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، ئەلیکساندەر ستاپ سەرۆکی فینلەندا، ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە، ڕایانگەیاندووە، نیگەرانن لە سنووردارکردنی پێشنیازەکانی ئەمەریکا، بە تایبەت ئەو بابەتانەی کە پەیوەندی بە یەکێتیی ئەورووپاوە هەیە، دەبێت ئەمەریکا ڕەزامەندی لە "ناتۆ" وەربگرێت بۆ بڕیاردان لە سەر چارەنووسی کێشە پەیوەندیدارەکان بە ئەورووپا.

ئاماژەیان بەوەش کردووە، بەگوێرەی ڕەشنووسی پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، بۆ ڕێککەوتنی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە شەڕی نێوانیان، دەردەکەوێت کە ئۆکرانیا بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی لە دەست دەدات، ئەمەش گۆڕانکارییەکە لە سنوورەکانی ئەو وڵاتە و پەیوەندی بە ئەورووپاوە هەیە، بۆیە بە هەموو شێوەیەک گۆڕانکاری لە سنوورەکانی ئۆکرانیا ڕەت دەکەینەوە و ڕێگەی پێ نادەین.

هاوکات پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس، لە زاری دوو بەرپرسی ئەمەریکی و سێ سەرچاوەی ئەورووپیی ئاگادار لە بابەتەکە بڵاوی کردووەتەوە، چاوەڕوان دەکرێت سبەی یەکشەممە لە جنێڤ، بەرپرسانی ئەمەریکا، ئۆکرانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا لەسەر پلانی ئاشتیی لە ئۆکرانیا کۆ ببنەوە.

هەروەها بەرپرسێکی ئەمەریکی بۆ ئاژانسی فرانس پرێس (AFP)ی پشتڕاست کردەوە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەو وڵاتە بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکەن، هاوکات بەرپرسەکە ئەوەشی خستە ڕوو، دانیێل دریسکۆڵ، وەزیری سوپای، کە ڕۆژی پێنجشەممە لە کیێڤ لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا کۆبووبووەوە، گەیشتووەتە جنێڤ.

هەینی 21ی تشرینی دووەمی 2025، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو، ئەمەریکا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆی باسی پلانی ئاشتی بۆ ئۆکرانیا نەکردووە، چونکە کیێڤ دژی ئەو پلانەیە.

گوتیشی: لەو باوەڕەم ئەو پلانە بەردی بناغە بۆ ڕێککەوتن لەسەر ئاشتییەکی هەمیشەیی دادەنێت؛ هاوکات سەرۆکی ڕووسیا هۆشداریشی دا، ئەگەر ئۆکرانیا بە پلانەکە ڕازی نەبێت، ئەوا خاکی دیکەی زیاتری ئەو وڵاتە داگیر دەکەن.

سەرۆکی ڕووسیا ئاشکراشی کرد، وڵاتەکەی کۆپییەکی ڕەشنووسی پلانی ئاشتی لە ئۆکرانیا بەدەست گەیشتووە؛ دووپاتیشی کردەوە، بۆ دانوستانەکان ئامادەن، بەڵام دەبێت بە وردی گفتوگۆ لەبارەی ناوەڕۆکی پلانەکە بکرێت.

هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەو بارەوە ڕایگەیاندبوو، پێنجشەممەی داهاتوو کاتێکی گونجاوە و دوا مۆڵەت بۆ کۆتاییهێنان بە پلانی جەنگی ئۆکرانیا دەبێت، گوتیشی: ئۆکرانیا خاک لەدەست دەدات و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیاش چیتر بە دوای خاکی زیاتر وە نابێت. دووپاتیش کردووەتەوە، تاوەکوو ئێستا نیازی نییە سزاکانی سەر مۆسکۆ هەڵبگرێت.

هەروەها ڤۆلۆدیمێر، زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردبووە، پێشنیازی پلانێکی دیکە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ پێشکەشی ئەمەریکا دەکەین، جەختیشی کردووەتەوە بە هیچ شێوەیەک خیانەت لە گەلەکەیان ناکەن.

Fly Erbil Advertisment